کەجەکە هاوکاریی زیان لێکەوتوانی لافاوەکەی قەندیل دەکات

ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوز بڵاوی کردەوە دوای ئەوەی بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆر بەر گوندەکانی بناری قەندیل کەوت، کەجەکە ٢٠٠ هەزار دۆلاری وەک هاوکاریی بەخشییە شارەوانیی بناری قەندیل تا زیانەکانی پی قەرەبوو بکاتەوە.

ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەم بەهۆی بارانی زۆرەوە لافاو لە قەندیل دروستبوو، زیانێکی زۆری بە ڕێگاوبان، پرد، خانووی هاووڵاتیان، خوێندنگا و مزگەوت و تۆڕی ئاو و کارەبای ناوچەکە گەیاند، شارەوانی بناری قەندیل-یش کەمپەینێکی ڕاگەیاند بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاریی و چاککردنەوەی شوێنە زیان بەرکەوتووەکان و تا ئێستاش کەمپەینەکە بەردەوامە.

لە چوارچێوەی ئەو کەمپەینەدا، کۆماجڤاکێن کوردستان- کەجەکە بڕی ٢٠٠ هەزار دۆلاری بەخشییە شارەوانیی بناری قەندیل، بۆئەوەی تاڕادەیەک هاوکاریی شارەوانییەکە بکات لە دروستکردنەوە و چاککردنەوەی شوێنە زیان بەرکەوتووەکان.

محەمەد حەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، سوپاسی هاوکارییەکەی کەجەکەی کرد و وتی: لە لافاوەکەدا زیانێکی زۆر بەر گوند و گوندنشینانی قەندیل کەوت، پیویستمان بە هاوکاریی مادیی و واتاییە، ئێمە کەمپەینەکەمان بەردەوامە و داوا دەکەین هاوکاریی خەڵکی قەندیل بکەن.

ک-ش