کەسوکاری ونبووان، یادی قوربانییانی رۆبۆسکییان کردەوە

خزم و کەسوکاری ونبووان بەردەوامن لە چالاکییەکانیان بۆ گەڕان بۆدوای داد و یەکسانیدا. لە چالاکییەکاندا کە لە چەندین شار بەڕێوە چوون، بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکە کرایەوە.

بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی لە چەندین شار چالاکیی ساز کران و بەیاننامە بڵاو کرانەوەو یادی قوربانییان کرایەوە.

لە بەیاننامەکاندا باس لەوە کرا، لەگەڵ ئەوەی ٨ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا داد و یەکسانی بەدی نەهاتووە و کەسوکاری قوربانییانی رۆبۆسکی لە ژێر فشاردان و جەختیش کرایەوە کە تا ئەو رۆژەی بکوژ و بەرپرسیاران دادگایی نەکرێن، ئەوان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان بۆ گەڕان بە دوای داد و یەکسانی.

وان

پلاتفۆرمی لقەکانی رێکخراوی کەسک لە شاری وان بەو بۆنەیەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی ساز کرد و تێیدا ناجی کاچماز وتەبێژی رێکخراوی کەسک رایگەیاند، هەلوێستی ئاکەپە بەرامبەر بە کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی یارمەتی چارەسەریی کێشەی گەلان، بەتایبەت کێشەی کورد، ناکات، بەڵکو بە پێچەوانە کێشەکە قوڵتر دەکاتەوە.

ئامەد

رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی شاری ئامەدیش بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی، لە باڵەخانەی سەندیکای پارێزەران لێدوانێکی بڵاو کردەوەو لەسەر ناوی سەرۆکی سەندیکا جیهان ئایدن لێدوانەکەی خوێندەوەو بانگێکی ئاڕاستەی دەسەڵات کرد و داوای لێکردن بکوژەکان و بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژییەکە دەستنیشان بکرێن و بدرێنە دادگا.

ئێلح

رێکخستنی هەدەپەی شاری ئێلحیش بە هەمان بۆنە ویستی چالاکییەک لە بەردەم باڵەخانەی پارتەکەیان ساز بکەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان کە گەمارۆی چالاکانیان دا، بە مەرجی ئەوەی تەنها لێدوانێک بڵاو بکەنەوە رێگایان پێدان.

فەلەکناس ئوجا و ئایشە ئاجار باشاران و محمد روشتو و نەجدەت ئیپەک یوز ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپەی شاری ئێلح، سەنگول کۆرکماز هاوسەرۆکی شارەوانی هەدەپەی ئێلح و چەندین بەڕێوەبەری دیکەی هەدەپە لە کاتی خوێندنەوەی راگەیێنراوەکەدا ئامادە بوون.

سەرەتا ئیکرام ئیرگی هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری ئێلح ویستی راگەیێنراوەکە بخوێنێتەوە بەڵام رووبەرووی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بووەوە. دوای ئەوەی ئەندام پەرلەمانەکان ناڕەزاییان دەربڕی، ئایشە ئاجاری ئەندام پەرلەمان راگەیێنراوەکەی خوێندەوەو رایگەیاند، رێگەنەدان بە بڵاوکردنەوەی لێدوان و راگەیێنراو بۆچوونی دەوڵەت پیشان دەدات بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی و جەختیشی کردەوە کە لێپرسینەوە لە گەل ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکە دەکرێت.

دەرسم

هێزەکانی رەنج و دیمۆکراسیی شاری دەرسمیش لە شەقامی هونەر بە بۆنەی کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی لێدوانێکی بڵاو کردەوە. لە چالاکییەکەدا پانکاتی "بۆ ئەوەی رۆبۆسکییەکی دیکە ئەنجام نەدرێت، لە بیری مەکەو مەهێڵە لەبیر بچێتەوە" بەرز کرایەوە و لەسەر ناوی هاوسەرۆکی رێکخستنی هەدەپەی شاری دێرسم نورشا یەشیل لێدوانەکەی خوێندەوە.

یەشیل قوربانییەکانی بەبیر هێنایەوەو وتی:"ئێمە جارێکی دیکە ئەم کۆمەڵکوژییە رسواو شەرمەزاری دەکەین و هیچ کاتێکیش لەبیری ناکەین و تا ئەو رۆژەی ئەنجامدەران و بکوژانی ئاشکرا دەکرێن، ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانماندان."

ئەدەنە

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەدەنەش بە هەمان بۆنە لە پارکی هەیکەللی چالاکیی یادکردنەوەکەی ساز کرد. بەڕێوبەر و ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە و نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چەندین کەسی دیکەش لە چالاکییەکەدا ئامادە بوون. ئیلهان ئونگور سەرۆکی لقی ئەدەنەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لێدوانێکی بلاو کردەوەو رایگەیاند، هەموو جیهان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی بێدەنگە، وا ٨ ساڵە ئەم کەیسە بە بێ لێپرسینەوەی یاسایی ماوەتەوە. ئێمە داواکارین لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکە بکرێت."

مێرسین

رێکخستنی هەدەپەی شاری مێرسینیش لە ناوەندی خۆی، ٣٤ قوربانییەکەی رۆبۆسکی بەبیر هێنایەوە. چەندین کەسایەت و نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پارتە سیاسییەکان بەشداری مەراسیمی یادکردنەوەکە بوون. محمد ئالش هاوسەرۆکی ریکخستنی هەدەپەی شاری مێرسین قسەی کرد و رایگەیاند، بکوژ و ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکە تا ئێستا دادگایی نەکراون و تا ئەو کاتەی ئەنجامدەران نەدرێنە دادگا، ئەوان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی ئەو داوایە.

هاتای

رێکخستنی هەدەپەی ناوچەی ئەسکەندەرونی شاری هاتای لە ناوەندی خۆی، مەراسیمی یادکردنەوەکەی بەڕێوە برد.

نەورۆز گوزەل هاوسەرۆکی هەدەپەی ناوچەی ئەسکەندەرون لە یادەکەدا قسەی کرد و داواشی کرد، ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکە بدرێنە دادگا.

ز.ش