کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان 'کەنەکە' دەربارەی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و دەستنیشانی کردووە کە دەبێت خەڵکی باکووری کوردستان لە هەلبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/٣ی پووسپەڕ، دەرسێکی گەورە بدەن بە ئەردۆغان و ئاکەپە و دەسەڵاتیان لەناوبەرن.
لە لێدوانە نوسراوەکەی کەنەکەدا هاتووە:
بەناوی دەوڵەتی تورکیاوە، سەرۆک کۆمار ئەردۆغان، بە هێزی حکومەتی ئاکەپە و پشتیوانی بەرەی فاشیستی مەهەپە و ئەرگەنەگۆن، دیسان دەستی بە لێدانی دەهۆڵی شەڕ کردووە. پاش داگیرکردنی عەفرین لە ئێستادا سوپاکەی ڕوویی لە باشووری کوردستان کردووە. ماوەیەکی دوورودرێژە کە ئەردۆغان لەگەڵ هاوسەنگەرەکانیدا شەڕی لە دژی کورد و کوردستان کردۆتە ئامانجی سەرەکی خۆی. ئەردۆغان بە درێژایی مێژوویی دەوڵەتی تورکیا کە دژە کورد و کوردستان بووە، بەڕێکەوتووە و داهاتووی سیاسی خۆی لەسەر بنەمای ڕوخاندنی گەلی کورد بەرنامەڕێژیی دەکات.
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە هەم لە باکوور، هەم لە باشوور، هەم لە ڕۆژئاوای کوردستان، جگە لە هێرش و داگیرکاریی، دەوڵەتی تورکیا شتێکی تر ناکات. جگە لە وێرانکردنی سووری ئامەد، جزیر، نسێبین، شرنەخ و گەڤەر، هەروەها لە جەرابلوس هەتا عەفرین و لە بەعشیقە هەتا برادۆست، سوپاکەی کۆکردۆتەوە و بەو شێوەیەش جگە لە باکووری کوردستان، بەشەکانی تری کوردستانیش داگیر دەکات. ئەردۆغان دەسەڵاتداریی خۆی لەسەر بنەمای گۆمی خوێن بونیاد ناوە و دەیەوێت دەسەڵاتی خۆشی لەسەر بنەمای هەڵسانی دەریای خوێن بەردەوامیی پێ بدات.
هەرکاتێک ئەردۆغان لەلێواری لەناوچووندا بووبێت، پەنای بۆ شەڕ و خوێنڕشتن بردووە، لە شکستی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٥دا فێڵێکی کرد و دەستی بە شەڕ کرد. بەو شیوەیەش لەناو شەڕدا جارێکی تر حکومەتی خۆی پاراست.
تورکیا بە دەستی ئەردۆغان تا دێت زیاتر لەناو سەرگەردانی و قەیرانی ئابوری و سیاسیدا غەرق دەبێت. ئەردۆغان بۆئەوەی خۆی لەم بەڵایە ڕزگاربکات، هەڵبژاردنی زۆر بە پەلە و پێشوەختی ڕاگەیاند و لە ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕ هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆماریی و هەڵبژاردنیش بۆ پەرلەمان بەڕێوەدەچن. لەهەموو ئەو پیشبینی و لێکۆڵینەوانەی کە دەربارەی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە دەکرێن، شتێک دەکەوێتە پێش چاوان، ئەویش ئەوەیە کە ئەردۆغان و حکومەتەکەی بەرەو شکست دەڕۆن.
لەم کەشی هەڵبژاردنەدا ئەردۆغان بەدوای گەرەنتیەکدا دەگەڕێت کە دیسان بە فرت و فێڵەکانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێتەوە. ڕێگای هەرە ئاسانیش بۆ ئەوە شەڕی دژی کورد و کوردستانە.
ئەردۆغان دەیەوێت لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پاراستنی گەل 'هەپەگە'دایە، بەرەو باشووری کوردستان، باسکی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا فراوانتر بکات و گەمارۆی کوردستان بدات. ئەردۆغان قەندیلی کردۆتە بیانوو. بەم هەڵمەتە ئەردۆغان دەیەوێت لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا، گەرەنتیەک بۆ خۆی بەدەست بخات.
بەداخەوە کە جیهانیش لە ئاست ئەم هێرشانەدا بێدەنگە و تا دێت ئەردۆغان پەرە بە هێرشەکانی دەدات. بۆیە پێویستە کوردان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەردەوام لە چالاکییدا بن و سەرنجی دنیا ڕابکێشنە سەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا وئەردۆغان.
کەنەکە بە گرنگیەوە داوا دەکات کە سەرنجی هەموو کوردان بۆ سەر ئەو ڕووداوانە ڕابکێشرێت و هوشیارییەکی نەتەوەیی لە ئاستێکی بەرزدا بارەیەوە پێک بهێنن. دەبێت لە لەم کەشەی هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا چاوکراوە بن و نەکەونە غەفڵەتیەوە.
کوردان پێکەوە، لە باشوور، ڕۆژهەڵات، باکوور هەتا ڕۆژئاوای کوردستان و لە دەرەوەی وەلات، دەبێت ئەو پیلانگێڕیانەی ئەردۆغان بە سووک و کەم نەبینن، بەڵکو دەبێت بکەونە ناو هەوڵی بەرگریەوە.
بە تایبەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی بەغداد، دەبێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان بە توندی شەرمەزار بکەن و ڕێگەی لێ بگرن.
ئەردۆغان پاش داگیرکردنی عەفرین، 'ئۆپەراسیۆنی قەندیل' ی بۆ خۆی کردۆتە خاڵی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/٣ی پووسپەڕ. لەبەرئەوە دەبێت خەڵکی باکووری کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا دەرسێکی گەورە بدەن بە ئەردۆغان و پارتە دەسەڵاتدارەکەی ئاکەپە و لەناویان بەرن.
ئەمڕۆ پاراستنی قەندیل بە سندوقەکانی دەنگدان لە ئامەد، وان، هەکاری، جزیر و هەموو باکووری کوردستان و مەیدانەکانی ئەورووپا دەستپێدەکات.
دەبێت کورد و هەموو کوردستان دژ بە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا و هێرشەکانی ئەردۆغان یەکبگرن و هەرەوەزیانە تێبکۆشن. ئەردۆغان و ئاکەپە بە سندوقەکانی هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران/٣ی پووشپەر شکست پێ بهێنن و بەدەنگی بەرز هەدەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاش بەسەر بخەن.
ک-ش