گوندنشینانی بناری قه‌ندیل: ده‌وڵه‌تی تورك ناتوانێت ئێمه له گونده‌كان ده‌ربكات
گوندنشینانی سووره‌دێ كه ده‌وڵه‌تی تورك بۆردومانی كردن ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، گونده‌كانیان چۆڵ ناكه‌ن و ده‌وڵه‌تی تورك ناتوانێت له واری خۆیان ده‌ریانبكات.
گوندنشینانی سووره‌دێ كه ده‌وڵه‌تی تورك بۆردومانی كردن ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، گونده‌كانیان چۆڵ ناكه‌ن و ده‌وڵه‌تی تورك ناتوانێت له واری خۆیان ده‌ریانبكات.
فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر ڕێكه‌وتی ٢٢ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٨\١ی به‌فرانبار بۆردومانی گوندی سووره‌دێی بناری قه‌ندیلیان كرد. ئه‌و گوندنشینانه‌ی كه به‌هۆی بۆردومانه‌كه ماڵه‌كانیان ڕووخاوه بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوان. گوندنشینان ڕایانگه‌یاند، ده‌وڵه‌تی تورك هاوڵاتییانی سیڤیل ده‌كاته ئامانج. ده‌یانه‌وێت ئاواره‌مان بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه گونده‌كانمان چۆڵ ناكه‌ین.
«به‌رهه‌می ٩٠ ساڵیان له‌ناوبرد»
گوندنشینێك به ناوی مام خدر كه له گوندی سووره‌دێ له‌دایكبووه و هه‌ر له‌وێش گه‌وره بووه، به‌هۆی هێرشی ئاسمانیی فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك ماڵه‌كه‌ی ڕووخاوه. ئه‌و ته‌مه‌نی ٩٠ ساڵانه و به‌درێژایی ته‌مه‌نی له گوندی سووره‌دێ ژیاوه.
مام خدر گوتی: «له ئه‌نجامی بۆردوماندا، ماڵ، باخچه و هه‌موو دره‌ختی میوه‌كان له‌ناوچوون. ده‌وڵه‌تی تورك ده‌ڵێت [له گه‌ریلامان دا]، به‌ڵام ئێره واری خه‌ڵكی سیڤیله. هیچ گه‌ریلایه‌ك لێره نییه، ده‌وڵه‌تی تورك به‌و بۆردومانه ده‌یه‌وێت گوندنشینان ناچار بكات واری خۆیان چۆڵ بكه‌ن.»
«به‌رهه‌م و بیره‌وه‌ریی ٩٠ ساڵی ژیانم له‌م ماڵه‌دا بوون، به‌ڵام له ئه‌نجامی بۆمباراندا هه‌مووی له‌ناوچوو. ته‌له‌فزیۆن، مافوور، ناسنامه‌كه‌م كه له ژووره‌كه‌دا بوون، هه‌موو له‌ناوچوون. ئه‌و پاره‌یه‌ی به ڕه‌نجی ده‌ستی خۆم كۆمكردبوویه‌وه، هه‌موو له‌ناوچوو. سه‌یری ده‌وروبه‌رم بكه‌ن، ده‌بینن هه‌موو شته‌كانم له‌ناوچوون. ٥ جار له لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه ماڵه‌كه‌م هه‌ڵوه‌شێنراوه، ئه‌مه بوو به جاری شه‌شه‌م. ئه‌م جاره‌یان هه‌موو شته‌كانم له‌ده‌ست دا، ته‌نیا خۆم ماوم. ئه‌و شه‌وه كاتێك ماڵه‌كه‌م بۆردومان كرا، له لای ماڵی جیرانێكمان بووم. ٩٠ ساڵه من لێره ده‌ژیم. توركیا به‌م هێرشه ته‌نیا من ناكاته ئامانج، به‌ڵكو هه‌ر ڕۆژ له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان هێرش ده‌كاته سه‌ر كوردان.»
مام خدر له درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد كه له دژی ئه‌م هێرشانه پێویستیمان به یه‌كێتیی كوردان هه‌یه. گوتی: «با ده‌وڵه‌تی تورك باش بزانێت، ئه‌مڕۆ هێرش ده‌كاته سه‌رمان، به‌ڵام سبه‌ینێ به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تر هێرشی ده‌كرێته‌وه‌سه‌ر. ژیانی مرۆڤ له ده‌ستی تاكه‌كه‌سدا نییه، له ده‌ستی خودا دایه. ده‌وڵه‌تی تورك به‌م هێرشانه ده‌یه‌وێت كوردستان چۆڵ ببێت. با كه‌س به‌ته‌ما نه‌بێت ئێمه ئاواره بكات، ئێمه هه‌تا كۆتایی ته‌مه‌نمان له‌سه‌ر خاكی خۆمان ده‌مێنینه‌وه و ناچینه هیچ شوێنێك.»
«ژیانمان له مه‌ترسی دایه»
گوندنشینێكی دیكه به ناوی هه‌مین كاك محه‌مه‌د كه له هێرشه‌كه بریندار بووه، گوتی: «ده‌یانه‌وێت بێبه‌شمان بكه‌ن له ژیان، به‌ڵام ئێمه نامانه‌وێت ده‌ست له خاكی خۆمان به‌رده‌ین. كاتێك بۆردومانی ئێره كرا، به‌هۆی زیانی زۆر ڕێگه‌ی ماڵی خۆم نه‌ده‌دۆزیه‌وه. منداڵه‌كانم به‌هۆی هێرشه‌كان ده‌ترسن. گیانی ئێمه پارێزراو نییه. ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌م خاكه بژین، پێویستیشه ئه‌و هێرشانه بوه‌ستێنرێن. ئێمه لێره له‌دایكبووین و گه‌وره بووین. نامانه‌وێت ده‌ست له خاكی خۆمان به‌رده‌ین.»
«ئێمه خه‌ڵكی سیڤیلین»
گوندنشینێكی دیكه‌ی سووره‌دێ به ناوی ئیبراهیم محه‌مه‌د ئه‌مین كه به‌هۆی هێرشی فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كان زیانی مادی پێگه‌یشتووه گوتی: «له كاتی هێرشه‌كه له ماڵی خۆم بووم، ماڵه‌كه‌مان هه‌ژا و كه‌وتینه نێو ته‌پ و تۆز. ئێمه خه‌ڵكی سیڤیلین. هه‌تا ئێستا هیچ زیانێكمان بۆ كه‌س نه‌بووه. ده‌یانه‌وێت به‌زۆر ئاواره‌مان بكه‌ن. ئه‌گه‌ر بچینه شاره‌كان، ناتوانین بژێویی ژیانمان دابین بكه‌ین.»
s.m