گوڵستان: ژیانێکی وەکو ژیانی سارا مرۆڤ بەرەو ئازادی دەبات

ئامارا گوڵستان کە یەکێکە لە فەرماندەکانی ئەکادەمیی ئاپۆلۆن-ی هەپەگە رایدەگەیێنێت، ژیانێکی وەکو خۆڕاگریی ساکینە جانسز سەربەرزی و ئازادی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.


ئامارا گوڵستان کە یەکێکە لە فەرماندەکانی ئەکادەمیی ئاپۆلۆن-ی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە بەشداری لە بەرنامەیەکی ستێرک تیڤی بوو. گوڵستان لە قسەکانیدا باسی لە بیرەوەرییەکانی لەگەڵ ساکینە جانسز کرد.

'یەکێک بوو لەو دوو خەیاڵەی من'

گوڵستان، وتی:"کاتێک هاتم بۆ شاخ دوو خەیاڵی گەورەم هەبوو. بینینی رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵ سارا. کاتێک باس لە هەڤاڵ سارا دەکرێت، ئەوەی دێتە خەیاڵی مرۆڤ خۆڕاگرییە. بێگومان مرۆڤ ناتوانێت بە وشەیەک یان رستەیەک باس لە هەڤاڵ سارا بکات. ئەو هەم خۆی و هەم هەڤاڵانی پێ گەیاند. ئەو کەلتوری خوداوەندی ژیاندەوە. یەکێک لە خەیاڵەکانم ئەوە بوو جارێکی دیکە بیبینم و باوەشی پێدا بکەم. لە ساڵی ٢٠١١ کاتێک لە زیندان دەرچووم، ئەو هاتبوو بۆ شاخ. لە هەموو شوێنێک باس باسی خۆڕاگریی هەڤاڵ سارا دەکرا. لە زیندانیش هێزێک بوو، بۆ هیواکانم. کاتێک هاتم بۆ شاخ، تێگەیشتم کە شاخ واتە سارا، ساراش واتە شاخ."

بینینی یەکەم

گوڵستان باسی لە یەکەمین چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ ساکینە جانسز کرد و وتی:"شەو بوو، بۆ سەردانی هەڤاڵان چووین بۆ ناوچەیەکی دیکە. پێیان وتین هەڤاڵان هاتن. یەک بە یەک باوەشمان بە یەکدا کرد. دوایین کەس هەڤاڵێکی ژن بوو، باوەشێکی توندی پێدا کردم. هەستم کرد و وتم، دڵنییام لەوەی ئەمە هەڤاڵ سارایە'. کاتێک گڵۆپەکان هەڵبوون، ئەو لە سوچێک دانیشتبوو. یەک بە یەک تەماشای دەکردین. سەیری منی کرد و وتی، 'تو تازە لە زیندان ئازاد بووی'. سەرم سووڕما. چونکە من تازە لە زیندان ئازاد کرابووم. یەکەمین جار بوو من ببینێت. کاتێک لێیم پرسی، ئەو وتی:" ئەوانەی لە زیندان ئازاد بوون، ئەو کەسانە دەناسن کە لە زیندان ئازاد دەکرێن". ئەو ساتە بۆ من زۆر جیاواز بوو. چەند ئازارت هەبوایا، ئەو ئارامی دەکردیتەوە. هەڤاڵ سارا کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر ئەو کەسانەی لە زیندانەکاندا بوون. پێش ئەوەی مرۆڤ قسە بکات، تەماشای هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤی دەکرد و لێت تێدەگەیشت. ناکۆکی، قوڕسایی و ئەو شتانەی نەدەوتران، ئەو زوو لێی تێدەگەیشت.

لەم روویەوە چانسێکی زۆرم هەبوو. هەم باوەشم پێدا کرد، هەم دەنگیم بیست و هەم یادەوەرییەکی گەورەم لەگەڵیدا دروست بوو. بۆ ئەوەی لێت تێگەیشتبا پیویست نەبوو چەندین کاتژمێر قسەی لەگەڵدا بکەیت و چەندین رۆژ لەگەڵ یەک بمێنیتەوە. کاتیک قسەی لەگەڵدا دەکردی، وەکو ئەوە وابوو کە چەندین ساڵە یەکدی دەناسن. ئەو قسەکردنەش چەندین ساڵ کاریگەریت لەسەر دادەنێت. قسەکردنێکی کورت لەگەڵیدا، وەکو هەستکردن بە ئازادی بوو. تا ئێستاش کاریگەری ئەو لەسەرم هەیەو لەو ساتانەدا دەژیم کە لەگەڵیدا بووم."

یەکبوونی لەگەڵ رێبەرایەتیدا

گوڵستان لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:" ئەو هەڵوێست و هەڵسوکەوتەی هەڤاڵ سارا دروستی کرد، بوو بە تایبەتمەندییەکانی بزوتنەوەی ئازادی ژنان. چونکە هەڤاڵ سارا ببوو بە پارچەیەک لە رێبەرایەتی. رێبەرایەتی لە کوێ بوایا، هەڤاڵ ساراش لەوێ بوو. هەڤاڵ سارا لە کوێ بوایا، رێبەرایەتیش لەوێ بوو. هەڤاڵ سارا خاوەنی هەڵوێستێکی گەردوونی بوو. کەلتوری خۆڕاگریی سارا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی، بوو بە کەلتورێکی گشتی. یەکەمی کەس کە خاوەنداریی لە قسەکانی رێبەرایەت کرد لە رووی ئەرک و خەباتی هەموو ئاستەکانی ژیاندا، هەڤاڵ سارا بوو. بەدواداچوونەکانی هەڤاڵ سارا بۆ ئازادی هیچ کات کۆتایی پێنەدەهات. بۆ نموونە بەدواداچوون بۆ رێکخستنی ژنان و پەرەوەردەی ژنان. بەدواداچوونەکانی یەکەمین گروپی پەکەکە و بەشداریکردنی هەڤاڵ سارا لەو گروپەدا، سەرەتای تێکۆشانی ئازادی ژنانە. بەم شێوەیە بزوتنەوەی ژنان، رۆحێکی گەردوونی بونیاد نا.

دێرسم کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەڤاڵ سارا هەبوو. دوو رووی دێرسم هەن. یەکەم ئەوانەی رووبەرووی قڕکردن بوونەتەوەو خۆیان ناناسن، دووهەمیش ئەو رووەی هەمیشە لە خۆڕاگریدان و هیچ کات سەریان نەڤی نەکرد. هەڤاڵ سارا ئەو روویەی دێرسمە کە سەری نەڤی نەکردووە. دێرسم کاریگەرییەکە گەورەی لەسەر کارەکتەر و شێوە و ژیانی ئەو دروست کردبوو. خۆڕاگرییەکەی لە زیندانی ئامەد، هەلوێست و بڕوای، وابەستەبوونی بە هەڤاڵانی، سەرکەوتنەکانی لەو هەنگاوانەی دەینا، لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەو بوون.

'لە دژی زوڵمی ناو گرتووخانەکان وەستایەوە'

لە زیندان ویستیان دەست بەسەر بیر و هزریدا بگرن، بەڵام خۆڕاگرییەکی بێوێنەی نواند و بە ئازادی وڵامی دایەوە. هێزی تۆڵەسەندنەوە بوو، بۆ هەموو ئەو سیستمانەی دەیانویست مرۆڤ بکەن بە کۆیلە. ئەگەر سیاسەتی سەرکوتکردنی قبوڵ کردبا، سارا نەدەبوو. ئەگەر مانەوەی لە تاریکیدا قبوڵ کردبا، سارا نەدەبوو، چونکە تامی ئازادی چێشتبوو، هەستی پێ کردبوو. بەدواداچوونی ئەو بۆ ئازادی هیچ کات رانەوەستا و زیندانیش نەبوو بە ئاستەنگ بۆ ئەو. لە زیندان لە بەرامبەر هەموو ئەشکەنجەکان، هەڤاڵانی خۆی پاراست. لەیەک شوێن نەدەما و بە ئاسانی هەموو شتێکی قبوڵ نەدەکرد. هەر کاتێک فشارەکان زیادی دەکرد، خۆڕاگریش زیادی دەکرد. بۆ هەڤاڵ سارا هەموو گۆڕەپانێک ببووە بە جێگای شەڕ و خۆڕاگریی. وابەستەبوونی ئەو بە رێبەرایەتی و هەڤاڵانیەوە، هەمیشە نوێ دەبووەوە.

'سووربوون لەسەر هەڵوێستەکان، ئازادی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت'

ئامارا گوڵستان فەرماندەی ئاکادەمیی ئاپۆڵین-ی هەپەگە هەروەها وتی: 'ئێستا لە چوار پارچەی کوردستان، دوژمن لە هێرشکردندایە. لە لای هەڤاڵ سارا هیچ کات قسەی کۆتایی نەبوو. دوژمن بە کوشتنی هەڤاڵ سارا ، ویستی پەیامێکمان ئاڕاستە بکات. رێبەرایەتی ئەمەی وەکو پلانگێڕییەک بەناو کرد. خاوەنداریی لە هەڵوێستی هەڤاڵ سارا، خاوەنداریەتییە لە ئازادی و رێبەرایەتی. پێویستە ئەوە باش بزانین کە سووربوون لەسەر خۆڕاگریی، دەمانگەیێنێتە ئازادی. سووربوون لەسەر هەڵوێستی سارا و هەڵوێستی رێبەرایەتی، دەمانگەیێنێتە ئازادی. گەورەترین پەیامی ئێمە، هەڵوێستەکانی هەڤاڵ سارایە. سووربوون لەسەر هەلوێستەکانی سارا، خۆڕاگرییە. سووربوون لەسەر خۆڕاگریی، سووربوونە لەسەر ئازادی."

ز.ش