گەلی شەنگال ئەمڕۆش بۆ ئیدانەکردنى داخستنى رێڕەوی مرۆیى لەسەر سنوور کۆبوونەوە

گەلی شەنگال بۆ ئیدانەکردنى داخستنى رێڕەوی مرۆیى نێوان رۆژئاوا و شەنگال لەسەر سنوور کۆبوونەوە و داخستنەکەیان ئیدانە کرد.

ریڕەوی مرۆیى رۆژئاوا – شەنگال لە دواى هێرشى چەتەکانى داعش بۆ سەر شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا کرایەوە. ئەو رێڕەوە مرۆییەلە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٢٤ی سەرماوەز لەلایەن حکومەتى عێراقەوە داخرا.

ماوەی ٣ رۆژە سەدان کەس لە هاووڵاتییانى ئیزدی و عەرەب لە چالاکیدان بۆ ئیدانەکردنى داخستنى ئەو ریڕەوە مرۆییە و ئەمڕۆش چالاکییەکەیان بەردەوامە.

دواى ئەوەى چالاکوانان لەگەڵ بەرپرسانى عێراق کۆبوونەوە، راگەیاندرا بەرپرسانى عێراقی وتویانە "لەسەر بابەتەکە هەڵوەستە دەکەن". گەلیش وتویەتى "تاوەکو رێڕەوە مرۆییەکە نەکرێتەوە بە فەرمی بڕیارى کردنەوەى ئەو ریڕەوە نەدرێت لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن".

چاوەڕێ دەکرێت بەرپرسانی عێراق و موسڵ سەردانى سنوور بکەن

هاووڵاتییانى ئێزدی و عەرەب لە بەیانیى ئەمڕۆەوە دیسانەوە چوونە سەر سنوور.

گەل سەردانى گەنجانیان کرد، کە بۆ چالاکییەکەیان چادریان هەڵداوە و لە چادرەکاندا دەمێننەوە. لەو شوێنى چالاکییەکە ئاگرێکى گەورە کرایەوە و بڕیارەکە ئیدانە کرا.

چاوەڕێ دەکرێت بەهۆی بەردەوامیی چالاکییەکە و ناڕەزایەتى هاووڵاتییانى شەنگالەوە، بەرپرسانى عێراق و فەرماندەکانى موسڵ ئەمڕۆ بڕۆن بۆ سەر سنوور و لەگەڵ گەل دا کۆ ببنەوە.

ر.م