گەنجانى باشوور خۆیان لە دژی داگیرکەری رێکدەخەن

گەنجانى باشووری کوردستان لە دژی هێرشەداگیرییەکان بەرەو خۆبەڕێکخستنکردنى هاوبەش دەچن.

شاندێکى کۆمەڵەى گەنجانى وڵاتپارێزی کوردستان و رێکخراوى ژنانى گەنجی تێکۆشەر لە سلێمانى سەردانى بزووتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەگەڵ گەنجانى بزووتنەوەى گۆڕان کۆبوونەوە.

ئامانجی سەرەکیى کۆبوونەوەکە بۆ دروستکردنى پلاتفۆرمێکى هاوبەشی گەنجان بوو لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا گەنجانى وڵاتپارێزى کوردستان و ژنانى گەنجی تێکۆشەر لەبارەى هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر باشووری کوردستان بە تایبەتى هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا گفتوگۆیان کرد. لەو چوارچێوەیەدا لەبارەى بەرپرسیارێتیى گەنجان لەم قۆناغەدا گفتوگۆی چڕپڕ کران.

گەنجانى بزووتنەوەى گۆڕان لە دواى پێشوازیى گەرمیان لە گەنجانى وڵاتپارێز و ژنانى گەنجی تێکۆشەر و گفتوگۆکانیان، لە ئەنجامدا بیری هاوبەش و هەڵوێست لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان هاتەپێشەوە.

گەنجانى بزووتنەوەى گۆڕان رایانگەیاند، بۆ هەموو ئەرکێک و بەرپرسیارێتییەک ئامادەن، کە بکەوێتە سەر شانیان و لە دژی داگیرکەری بێدەنگ نابن.

ژ.ت