گەنجانی مەخمور گۆشەگیری و سزای دیسیپلینی سەر ئۆجالانیان ئیدانەکرد

تەڤگەری گەنجانی مەخمور و تەڤگەری گەنجانی ژنانی مەخمور، بە خۆپیشاندانێکی فراوان، گۆشەگیری و سزای دیسیپلینی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردیان، ئیدانەکرد.

تەڤگەری گەنجانی مەخمور و تەڤگەری گەنجانی ژنانی مەخمور، بە خۆپیشاندانێکی فراوان، گۆشەگیرییەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد-یان ئیدانەکرد.

دەوڵەتی تورک لە ڕۆژی ٢١ی ١٠ی ئەمساڵەوە"سزای دیسپلین"ی بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و ٣ گیراوی دیکەی ئیمڕاڵی سەپاندووە، ئەم سزایەش پاش سەردانی پارێزەرانیان بۆ داواکاری دیداری ئیمڕالی ئاشکرابووە.

لەم چوارچێوەیەدا، گەنجانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، دژی ئەو گۆشەگیرییە خۆپیشاندانێکی فراوانیان بەڕێوەبرد.

خۆپیشاندان لەبەردەم ئامادەیی شەهید کۆچەرین دەستیپێکرد و تا بەردەم ناوەندی کلتورو هونەری مەخمور درێژەی کێشا و چەندین ئاڵاو پۆستەری عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، کەجەکە و پانکارتی" گۆشەگیری بشکێنە، فاشیزم بڕوخێنە، کوردستان ئازاد بکە" بەرزکرابوونەوە.

پاشان بەیاننامەیەک لەلایەن کاژین ئۆزەک وتەبێژی تەڤگەری ژنانی مەخمور خوێنرایەوە کە لەبەشێکیدا هاتووە:

"لەبەرامبەر سیاسەتی دەسەڵاتدارانی قڕکەر، پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بووەتە ئەلتەرناتیڤێک بۆ ژیانی ئازاد، لەبەرئەوەش هێزەکانی دەسەڵاتدار تەنگەتاوبوونە، هێزەکانی دەسەڵاتدار باش دەزانن کلیلی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەستی ڕێبەر ئاپۆ دایە.

ئێمە وەک گەنجانی مەخمور ئەو سزای دیسپلینە کە بەسەر ڕێبەر ئاپۆ و هەرسێ هەڤاڵانی دیکەدا سەپاندوویانە ئیدانە دەکەین، ئەو سزایە بە کردەوەیەکی دەرەوەی مرۆڤایەتی دەبینین".

پاشان خۆپیشاندانەکە بە دروشمی"بژی سەرۆک ئاپۆ، بێ سەرۆک ژیان نابێت، بمرێت فاشیزمی ئەردۆغان و هاوکارەکانی" کۆتایی هات.

ز.ش