گەنجانی کەرکوک: بە بایکۆتکردن، ئابوری تورکیا دەرووخێنین

گەنجانی شاری کەرکوک بەردەوامن لە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی، داواش لە بازرگانان دەکەن کاڵای تورکی هاوردەی باشوری کوردستان نەکەن.

لەگەل بەرفراوانبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کوردان لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی، لە باشوری کوردستان  هەڵمەتێک ڕاگەیاندڕا بۆ بایکۆت کردنی کەلوپەل و شتومەکی تورکی وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد لەسەرتاسەری کوردستان و داوای تێپەربوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر ڕاگەیاندنی بایکۆت کردنی کاڵای تورکی، هاووڵاتیان و گەنجانی شاری کەرکوک بەردەوامن لە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی و داوا دەکەن هەڵمەتی بایکۆتکردنەکە  فراونتر بکرێت و داوا لە بازرگانانیش دەکەن کاڵای تورکی هاوردەی باشوری کوردستان نەکەن.

"بایکۆت شۆڕشێکی سپییە"

مستەفا ڕەئوف گەنجێکی شاری کەرکوکە دەربارەی رووبەروبوونەوەی فشارەکانی تورکیا بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "بایکۆتکردن شۆڕشێکی سپییە ، ئەگەر ئێمە نەتوانین چەک هەڵگرین بۆ پشتیوانی لە خوشک و براکانمان لە شاخ یان لە باکور و رۆژئاوای کوردستان، ئەوە ئێمە بەلانی کەمەوە دەتوانین هەریەکێکمان لە جیگای خۆمانەوە بایکۆتی کاڵای تورکی بکەین تا ئەم بایکۆتە بەتەواوەتی تەشەنە دەکات ئەوکات دەتوانین کاریگەری بخەینە سەر ئابوری تورکیای داگیرکەر یان هەر ووڵاتێکی داگیرکەری دیکە بێت."

هەروەها مستەفا ڕەئوف ووتی: "بایکۆت کردنی کاڵای وڵاتێک چەکێکی بەهێزە بۆ لێدان و لاواز کردنی ئابوری ئەو ووڵاتە، دەتوانین بە بایکۆت کردن شۆرشێکی سپی هەڵگیرسێنین، شۆرشێكی بێ قوربانی، شۆرشیک کە جەرگی هیچ دایکێک نەسووتێت.

بایکۆت کردنی کاڵا و خوراکی تورکی دەبێتە مایەی تەندروست بوونی کۆمەلگاکەمان چونکە دوژمنێک کە بەئاشکرا هەولی کوشتنی کورد دەدات دەبێت چ جۆرە خۆراکێک بنێرێت بۆ بازارەکانی کوردستان، بۆیە بایکۆتکردنی کاڵای تورکیا ئەرکێکی نشتیمانی و مرۆڤایەتیە لەسەر هەموو تاکێکی کورد."

لە کۆتایدا مستەفا ڕەئوف ووتیشی: "گەلی هندستان بە شۆرشیکی سپی کە تەنها بە بایکۆتکردنی قوماش دەستی پێکرد تا توانی بەریتانیا لە ووڵاتەکەی دەربکات، ئێمەش دەتوانین هەموو کاڵایەکی تورکی بایکۆت بکەین تا هەموو سیاسەت و بازرگانی و چەمکی تورکی ناهێلین لە ووڵاتەکەمان."

"بە بایکۆتکردن دەتوانین ئابوری تورکیا بروخێنین"

شەپۆل فوئاد گەنجێکی دیکەی شاری کەرکوکە دەربارەی رووبەروبوونەوەی دەوڵەتی تورک بە بایکۆتکردنی کاڵاکانیان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وت: "ئێمە لەلایەنی هێزی سەربازییەوە تا ئاستێک لاوازین بۆیە بۆ پشتیوانی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و رووبەروبوونەوەی داگیرکەرانی وڵاتەکەمان دەتوانین بایکۆتکردنی کاڵا بەکاربهێنین دژی تورکیا و داگیرکەرانی دیکەی کوردستان، بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەتوانین ئابوری تورکیا بروخێنین چونکە ئابوری ئەو وڵاتە تا ئاستێکی زۆر پشتی بە باشوری کوردستانەوە بەستیوە."

هەروەها شەپۆل فوئاد وتیشی: "لە شاری کەرکوک هەڵمەتی بایکۆتکردن تا ئاستێک باش بەرێوەدەچیت بەلام هێشتا وەکو پێویست نیە بەراورد بە شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان، ئەگەر ئەم بایکۆتە بەردەوام بیت ئەوە تورکیا رووبەوی دارووخانی ئابوری دەبێتەوە بە حوکمی ئەوەی بەشیکی زۆری کالاکانی لە بازارەکانی باشوری کوردستان و عیراق ساغ دەکاتەوە."

"داوا دەکەین بازرگانان کاڵای تورکی هاوردەی کوردستان نەکەن"

دەشتی حەمە ساڵح گەنجێکی دیکەی شاری کەرکوکە دەربارەی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئێمە دەتوانین سەرەتا ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ئەو کالایانە بدۆزینەوە کە لە تورکیاوە هاوردەی باشوری کوردستان دەکرێت پاشان هاووڵاتیان هۆشیار بکەینەوە تا کاڵای تورکی نەکرن چونکە ئەو پارەیەی دەیدەنە کالای تورکی دژی کورد بەکار دەهێنرێت."

دەربارەی هۆکاری ئەوەی کە شاری کەرکوک رێژەی بایکۆتکردنی کەمترە بەراورد بە شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان دەشتی حەمە ساڵح وتی: " رێژەی ئەو کەسانەی بایکۆتی کاڵای تورکیان کردووە کەمترە لە شاری کەرکوک بەراورد بە شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان ئەمەش بۆ ئەوە دەگرێتەوە کە کەرکوک پێکهاتەی دیکەی تێدایە بۆیە رێژەکە وەکو شارەکانی دیکەی باشوری کوردتسان نیە."

لە کۆتایدا دەشتی حەمە ساڵح ووتی: "داوا لە بازرگانەکان دەکەین کاڵای وڵاتانی دیکە هاوردەی وڵاتەکەمان بکەن، نەک کاڵای تورکی، ئەگەر بازرگانەکان بایکۆتی ئەو کاڵایانە بکەن ئەوا ئەو کاتە بەرهەمی ناخۆیی دەست بە بوژاندنەوە دەکات و هەڵی کار زیاد دەکات و پارەی وڵاتەکەمان لەناوخۆ ئالگۆری پێوە دەکرێت بەنرخ تر دەبێت."

ز.ش