بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی کە لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١ لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدرا و تێیدا ٣٤ رۆڵەی کورد کۆمەڵکوژ کران، لە گوندی رۆبۆسکی مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوە چوو.
جگە لە کەسوکاری قوڕبانییان کۆمەڵکوژییەکە، هەر یەک لە سەزای تەمەلی هاوسەرۆکی هەدەپە، لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە، گوڵستان کلچ کۆچ یگت وتەبێژی هەدەکە، سالیحا ئایدەنیز و کەسکین بایندر هاوسەرۆکانی دەبەپە، نوران ئیمیر و حەسەن ئوزگونەش و حسێن کاچماز ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپەی شاری شرنەخ، ئەبرو گونای ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری مێردین، مەڕال دانش بەشتاش ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری سێرت، ئۆیا ئەرسۆی و ئەرۆل کاترجی ئۆغلۆ ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپەی شاری ئەستەنبول، موسا پاریس ئۆغولاری و رەمزیە تۆسون ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپەی شاری ئامەد و هەر وەها چەندین کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی و رێکخستنەکانی هەدەپەی شاری مێردین و شڕنەخ و ئامەد و سێرت بەشداری مەراسیمەکە بوون.
شاندی سەردانکەرانی مەراسیمەکە کە بە کاروانێکی دوور و درێژ کەوتبوونە رێ، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە رێگرییەکی زۆریان لێکرا. شاندەکە کە بازگەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیان پێپەڕاند، لە نزیک گوندی رۆبۆسکیش لە لایەن تانک و زرێپۆشی سەربازیی دەوڵەتەوە پێشوازییان لێکرا و لە ژێر گەمارۆی سەربازیدا بەرەو گۆڕستانی شەهیدانی رۆبۆسکی کەوتنە رێ. لە گۆڕستانەکەش لە لایەن هێزە سەربازییەکانەوە گەمارۆ دران.
مەراسیمی یادکردنەوەکە بە دەقەیەک رێزگرتن دەست پێ کرد.
"بکوژەکان سەرکێشی دەوڵەتن"
سەرەتای مەراسیمەکە فەهاد ئەنجو ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری شرنەخ قسەی کرد و وتی، چونکە ئەوانەی فەرمانی کۆمەڵکوژییەکەیان دا، لە ئێستادا سەرکێشی دەوڵەتن، هیچ کەس بە تاوانی کۆمەڵکوژییەکە دادگایی ناکرێت.
ئەنجو وتی:" بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆمەڵکوژییەک لە چەشنی کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی ئەنجام نەدریت، ئێمە دەستمان کرد بە بەرخۆدان. بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە کوردستان رۆڵەکانمان کۆمەڵکوژ نەکرین، ئیمە دەستمان کرد بە تێکۆشان. بەڵام لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا لە ناوچەی سوور و نسێبین و جزیر بە سەدان کەسوکارمان کوژران. جەنازەی روڵەکانمان چەندین رۆژ لە کۆڵانەکان هێڵرانەوە. ئێمە باش دەزانین ئەوانەی فەرمانی ئەم رەشەکوژییانەیان کرد، کێن. ئازار و برینەکانمان هێشتا تازەن و ساڕێژ نەبوون. تا ئێستاش دایکانمان جلی رەش دەپۆشن و لەچکی سپی کە سیمبۆلی ئاشتیە، لە سەر دەکەن."
ئەنجو هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە هەموو کەسێک ئەوە بزانێت تێکۆشانی رۆبۆسکی بەردەوام دەبێت و بۆ ساتێکیش ئەم تێکۆشانە لە کوردستان کۆتایی نایەت.
کۆچ یگت: ئەگەر ئێوە کورد بن، گرنگ نییە ژنن یا منداڵن
گوڵستان کلچ کۆچ یگت وتەبێژی هەدەکەش لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ پەردەپۆشکردنی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی و وتی:" لەسەر ئەم خاکە، ئەگەر ئێوە کورد بن، گرنگ نییە منداڵن یان ژنن. رۆبۆسکی ئەو ناوچەیەیە کە بۆردومانی تێدا ئەنجامدار. ئەگەر ئاکەپە لەو خەیاڵەدا دەژیت کە ئەمەی بۆ دەچێتە سەر و پەردەپۆشی دەکات، ئەوا خەیاڵ پڵاوە."
گوڤەن: ئێمە داوای لێبوردنمان هەیە بۆ دایکان
لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدەش لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە تەعزییەی رۆبۆسکی، لە سەرتاسەری کوردستان هەیە و وتی"بە سەدان ساڵە لە دژی گەلی کورد ئەم سیاسەتە پەیرەو دەکرێت."
گوڤەن هەروەها رایگەیاند کە ئەوان داوای لێبوردنیان هەیە بۆ دایکانی رۆبۆسکی، چونکە بەدواداچوونەکانیان لە ئاست ئەو کۆمەڵکوژییەدا نەبووە و وتی:"٨ ساڵ تێپەڕین و دایکان تا ئێستاش بە دوای داواکەیانەوەون."
تەمەلی:بە دژایەتیکردنی کورد، دەیانەوێت خۆیان لە سەر پێ راگرن
دواجار سەزایی تەمەلی هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە قسەی کردو وتی:"بە دژایەتیکردنی کورد و بەو زوڵم و توندوتیژییەی دەیکەن، دەیانەوێت خۆیان لەسەر پێ بهێڵنەوە. هەر کومەڵکوژییەکیان کە ئەنجامدابێت، خۆیان لێ بێبەری کردووە، بەڵام خۆ لادان و پەردەپۆشکردنی کۆمەلکوژییەکەی رۆبۆسکی، بێئەخڵاقترینیان بووە. ئەوانەی خۆیان لەم کۆمەڵکوژییە بێبەری دەکەن و رادەکەن لە بەرپرسیارێتییەکە، با باش بزان کە گومانیان لەوە نییە رۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."
لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، ئامادەبووان گوڵیان لەسەر مەزاری قوربانییانی کۆمەڵکوژییە دانا.
ز.ش