یادی کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی لە کەمپی مەخموریش کرایەوە

هاوڵاتیانی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی لە مەخمور، بە مەراسیمێک شەهیدانی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی-یان بە بیرهێنایەوە.

بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٨ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، هاوڵاتیانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییەیان بە مەراسیمێک بەبێرهێنایەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبەردەم دەزگای بنەماڵەی شەهیدان، هاوڵاتیانی ئەو کەمپە ڕایانگەیاند: دەوڵەتی فاشیستی تورک چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە وەک، کۆمەڵکوژی دێرسیم، گەلی زیلان، مەرەش، ڕۆبۆسکی و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە"ڕۆبۆسکی" تا ئێستا هیچ کەسێک لە بکەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەستنیشان و سزا نەدراون.

ئەوەش هاتووە: ئێمە وەک خەڵکی مەخمور، هاوبەشی ئازاری بنەماڵەی ئەو شەهیدانە دەبین و دەڵێن کە ئێمە ڕۆبۆسکی لەبیرناکەین، دووژمن باش بزانێت کە بە کۆمەڵکوژکردن ناتوانێت ئێمە لەناوبەرێت.

هاوڵاتیانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور، بانگەوازییان لە ڕای گشتی مرۆڤایەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، کەسانی دیموکراتخوازو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە لەدژی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستان و تایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو هێزانەی کە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، هەڵوێست نیشان بدەن.

ز.ش