یەکەمین کۆنفرانسی زمان لە ئامەد دەستیپێکرد
تۆڕی زمان و کلتور بەئامانجی دیاریکردنی نەخشەڕێگای خۆی، یەکەمین کۆنفرانسی لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان دەستپێکرد.
تۆڕی زمان و کلتور بەئامانجی دیاریکردنی نەخشەڕێگای خۆی، یەکەمین کۆنفرانسی لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان دەستپێکرد.
تۆڕی زمان و کلتور، لە هوتێل دەمیر لە شاری ئامەد، یەکەمین کۆنفرانسی دەستپێکرد و وابڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنێت.
لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی ٢٠٠ کەس لە نوسەر، ئەکادیمیسیەن، خوێندکار، ڕاگەیەندکار، دەزگاکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کلتوری و هونەری بەشداربوون.
زانا فارقین زمانناس لە وتەیەکیدا ئاماژەی بە دۆخی زمان لە باکوری کوردستان کرد و وتی: دۆخی زمان وکلتوری ئێمە لە دڵی هەموومان دەسوتێ، بۆ گۆڕێنی دۆخەکە ئێمە هەموومان چ وەک دامەزراوە یان کەس کاردەکەین، بەڵام هەموومان دەزانین کە پێویستمان بە یەکگرتنێکی بەهێز هەیە.
لە کۆنفرانسەکەدا بابەتەکانی پەیوەست بە مافی زمان، پەیوەندی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، هاوکات دۆخ و کێشەکانی زمان و کلتور، نەخشەڕێگای خەباتی تۆڕەکە بابەتێکی دیکەی کۆنفرانسەکە دەبێت.
ئامادەبووان دابەشکرابوون بەسەر ١٢ مێز، کە بریتی بوون لە مێزی ڕاگەیەندکاران، مێزی نوسەران، مێزی کلتور، مێزی هونەری، مێزی زمان، مێزی پەروەردە، مێزی دەزگاکانی ماف، مێزی کارسازان، مێزی ڕاگەیاندن، مێزی ئەکادیمیسیەن، مێزی ڕێکخراوەکانی ژنو مێزی ڕێکخراوەکانی منداڵان.
لەهەر مێزێکدا گفتوگۆی تایبەت لەبارەی بەشەکەوە دەکرێت و لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا هەر مێزێک دەرەنجامەکانی گفتوگۆکانی بە ڕاپۆرتێک پێشکەش دەکات.
ب.ش