نەجلە وائلی، بەڕێوبەری گشتی بەشی تەكنیكی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقى ڕاگەیاند، عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە كاریگەری گۆڕانكاری كەشوهەوا زۆری لەسەرە.
دەشڵێت، هەوڵەكانی وەزارەتەکەمان بۆ ئامادەكردنی ڕێنماییەكان بە مەبەستى ڕووبەڕووبوونەوە و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانى كەشوهەوا بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتەكەمان پلانێكی دوو قۆناغیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا داناوە، یەكەمیان خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو زیانانەی گۆڕانی كەشوهەوا بە سیستەمی سروشتی دەگەیەنێت، وەك كەمی ئاوی، بیابانبوون، پیسبوونی ژینگە.
وتیشى، قۆناغى دووەمیش بریتییە لە زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانى كەشوهەوا.
جێگەى ئاماژەیە، بەهۆی دروستكردنی ژمارەیەك بەنداوی نوێوە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە وایكردوە ڕێژەیەكی زۆر كەم ئاو بگاتە عێراق و توشی قەیرانی ئاو بێت، هەروەها بەشێكی زۆری هۆڕەكانی باشوری عێراق بەهۆی وشكبوونی ڕووبارەكانەوە ناوچەكەیان بەجێهێشتووە، زیانی زۆر بەر كشتوكاڵ و ئابووری عێراق كەوتووە.
هـ . ب