دەسەڵاتی ئاکەپە- مەهەپە بە شێوازێکی سیاسی لە دژی هەدەپە دۆسیەی داخستنی کردووەتەوە. رۆژی ١١ی نیسان بەرگریی کردنی زارەکی دۆسیەکە ئەنجام دەدرێت. ژمارەیەکی زۆر لە پارت و پەرلەمانتاران لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە دۆسیەی داخستنی هەدەپە دەربڕی و رایانگەیاند: "کات کاتی پشتیوانییە لە هەدەپە".
لە ٢٠ وڵاتەوە پارتی جیاجیا، شەش پارتی چەتر ئاسای نێونەتەوەیی، لە پەرلەمانی ئەوروپاوە سەوزەکان، فراکسیۆنە دیموکرات و چەپگر و کۆمەڵایەتییەکان، پەرلەمانتاران، فراکسیۆنی چەپگری ئەنجومەنی ئەوروپا و لە وڵاتانی جەیاجیاوە بە سەدان پەرلەمانتار پەیامی پشتیوانی لە هەدەپەیان راگەیاند.
لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی حزبە سیاسییەکان، هاوپەیمانان، سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین دژی هێرش و گوشارەکانی سەر هەدەپە.
پارتی سۆسیالیستەکانی ئەوروپا، هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپا، پارتی سەوزەکانی ئەوروپا، پارتی چەپی ئەوروپا، هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز، ئینترناسیۆناڵیستە پێشکەوتنخوازەکان و پارتە سیاسیەکانی پەرلەمانی ئەوروپا رایانگەیاند کە لە دژی دۆسیەی داخستنی هەدەپەن و شان بە شان و لە تەنیشت هەدەپەوە وەستاون.
چەپگری یەکگرتووی ئەوروپا: بە هەدەپەوە سەربەرزین
فراکسیۆنی چەپگری یەکگرتووی ئەوروپا لە ئەنجومەنی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد بە توندی سەرکۆنەی هەوڵی قەدەغەکردنی هەدەپە دەکەن و دەبێت حکومەتی تورکیا دەستبەجێ کردەوە سیاسیەکانی لە دژی ئەو حزبە رابگرێت. دەبێت دەسەڵاتی دادوەری بەتواوەتی لە کایەی سیاسی سەربەخۆ بێت. ئێمە شانازی بەهەدەپەوە دەکەین".
"داخستنی هەدەپە گورز لە پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا دەدات"
هاوپەیمانی پێشکەوتووی سۆسیالیست و دیموکراتەکان کە لە کۆی ٧٠٥ کورسی پەرلەمانی ئەوروپا خاوەنی ١٤٤ کورسیە، هاوپەیمانی ئازادی سەوزەکان کە ٧٥ کورسی هەیە لە گەڵ چەپگرە یەکگرتووەکانی ئەوروپا، چەپگرە سەوزەکانی نۆردیک راگەیاندراوی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، کە داخستنی هەدەپە گورز لە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دەدات.
هەر لە پەیامە پشتگیرییەکانی کەسایەتی، سیاسەتمەدار، حزب، پەرلەمانتاران و چالاکواناندا هاتووە، داخستنی هەدەپە بڕیارێکی رووخێنەرە و هەوڵێکە بۆ چەوساندنەوە و سەرکوت.
ئەو پارت و لایەنانە وێڕای شەرمەزارکردنی هەوڵەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک بە ئاراستەی قەدەغەکردنی هەدەپە، ئەو هەنگاوەیان بە پێشێلکردنی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ناوبردووە و داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە کردووە دەستبەجێ کۆتایی بە گوشارەکانیان لەسەر هەدەپە بهێنن.
هەر لەو چوارچێوەدا لە راگەیەندراوی هاوپەیمانی ئازادیی ئەوروپا (EFA) هاتووە لەگەڵ هەدەپەدان و داوا دەکەن کە کاربەدەستانی تورکیا کۆتایی بەو دۆسیە سیاسیە بهێنن کە لەدادگا لە دژی هەدەپە کردوویانەتەوە.
لە بەشێک لە پەیامەکانی حزب و لایەنەکاندا سەرنج بۆ سەر ئەوە راکێشراوە کە هەوڵەکانی داخستنی هەدەپە لە سەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەو ئامانجەیە کە هەدەپە بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکات. لەو رووەشەوە فراکسیۆنی نوپەس – ئێڵ ئێف ئای فەرەنسا داوای کردووە کۆتایی بە گوسارەکانی سەر هەدەپە بهێندرێت و هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و ئازاد لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
پارتی کۆمۆنیستی فەرەنساش دادگاییکردنی هەدەپەی بە ناڕەوا ناوبردووە و رایگەیاندووە: هەدەپە لەپێناو تورکیایەکی دیموکراتیک و فرەرەنگ و بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژیک، ئازادی و یەکسانی هاوڵاتیان بە بێ جیاوازی تێدەکۆشێت.
پارتی سۆسیالیست دیموکراتی فەرەنساش رایگەیاندووە، وەک ئەزمونی رابردووش دەریخستووە، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەتوانن حزبەکان قەدەغە بکەن بەڵام هەرگیز ناتوانن هزری یەکسانخوازی، دادپەروەری خوازی و ئازادیخوازی کپ بکەن.
جیا لەو پارت و لایەن و پەرلەمانتارانە، دەیان کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی، نوسەر و چالاکوان لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، نەرویج، سوید، ئیسپانیا، پۆرتوگال، پۆڵندا و ... لە رێگەی پەیام، راگەیەندراو و لێدوان پشتیوانی خۆیان بۆ هەدەپە دەربڕیوە و هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ئاراستەی داخستنی ئەو حزبە شەرمەزار کردووە و داوایان کردووە کۆتایی بە بەکارهێنانی دادگا بۆ مەبەستی سیاسی بهێنرێت.
ناوی بەشێکی دیکە لە لایەن و پەرلەمانتار و کەسایەتییانەی پشتیوانیان بۆ هەدەپە دەربڕیوە بەم جۆرەیە:
"ئیتالیا: جێگرانی پارتی دیموکرات لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئیتالیا؛
ئیتاڵیا: هاوپەیمانی چەپی سەوزی ئیتاڵیا (ئەلیانزا ڤێردی سینیسترا)؛
ئیتاڵیا: نیکۆلا فراتۆیانی، پەرلەمانتار، سکرتێری نیشتمانی سینیسترا ئیتاڵیا؛
ئیتاڵیا: لۆرا بۆڵدرینی، پارتی دیموکرات، ئەندامی پەرلەمان؛
ئیتاڵیا: فابیۆ ماسیمۆ کاستالدۆ (پەرلەمانتاری ئەی پی، جێگری سەرۆکی ئەی پی، ئێم ٥ ئێس ئیتاڵیا)؛
نەرویج: لیژنەی پشتیوانی لە کوردستان لە نەرویج، ستینا بێرگستن و ترولس ستراند ئۆفەرداڵ، هاوسەرۆک؛
نەرویج: پارتی سووری نەرویج، بیۆرنار مۆکسنێس، سەرۆکی پارتی سووری نەرویج، یڵڤا هۆڵم-تۆرشتاینسۆن، بەشی نێودەوڵەتی، سەرۆکی پارتی سووری نەرویج؛
پۆڵەندا: پەرلەمانتار ماسیج کۆنیچنی، ڕازم؛
پورتوگال: بلۆکۆ دی ئێسکوێردا؛
ئیسپانیا: ٥٥ نوێنەری فراکسیۆنە سیاسییە جیاوازەکانی ئەنجومەنی نوێنەران؛
ئیسپانیا: پۆدێمۆس؛
ئیسپانیا: ئەندەلوس پۆر سی؛
لۆرا کاستێل فۆرت، ECR، سیناتۆر، جێگری سەرۆکی UEL/PACE؛
ئیسپانیا: MES PER MENORCA؛
ئیسپانیا/ باسک: ئیوسکۆ ئەلکارتاسونا (EA);
ئیسپانیا/کەتەلۆنیا: پارتە دەسەڵاتدارەکانی کەتەلۆنیا + ڕوبێن ڤاگنسبێرگ؛
ئیسپانیا/کەتەلۆنیا: ئێسکوێرا - چەپی کۆماری کەتەلۆنیا؛
ئیسپانیا/کەتەلۆنیا: کاندیدەتورا دی یونیتات پۆپۆلار - (کاندیدبوونی یەکێتی گەل)؛
ئیسپانیا/کەتەلۆنیا: یونیتات کەتەلۆنیا؛
ئیسپانیا/کەتەلۆنیا: ڕاول ڕۆمێڤا ئی ڕوێدا (ئابۆریناس)
سویسرا: باستا/ ئەڵترناتیڤی بەهێزی باسێل
سویسرا: فێمینیستێر ستڕایک بازل؛
سویسرا: پارتی سۆسیال دیموکراتی سویسرا؛
سوید: پارتی چەپ (Vänsterpartiet)؛
بەریتانیا: ١٤ پەرلەمانتار لە پەرلەمانی بەریتانیا؛
ئەمریکا: لیژنەی نێونەتەوەیی DSA.
هـ . ب