ئەندامێکی بەدر: هێزەکانمان ئامادەن بۆ لێدان لە بارەگاکانی تورکیا لە عێراق

ئەندامی کوتلەی بەدر ئەمڕۆ ڕایگەیاند، داوایەکیان پێشکەشی وەزارەتی دەرەوە کردەوە سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی دوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق. راشیگەیاند، هێزە ئەمنیەکان ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تورکیا و لێدان لە بارەگاکانیان.

عودەی شەعلان ئەندامی کوتلەی بەدر دەربارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و پێشێلکارییەکانیان، بۆ ڕاگەیاندنە عێراقیەکان قسەی کرد و وتی: "ئێمە ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەین و ئەوەی تورکیا دەیکات دەستدرێژییە بۆ سەروەریی خاکی عێراق، بۆ ئێمە وەک نوێنەری گەلی عێراق داوا لە حکومەتی عێراقی و وەزارەتی دەرەوە دەکەین هەمو ڕێوشوێنە یاساییەکان بگرێتە بەر".

شەعلان ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی دوبارە بونەوەی ئەم پێشێلکارییانەدا ئێمە بە توندی وەڵامی تورکیا دەدەینەوە و وتیشی: "با هەموویان ئاگاداربن، هێزە ئەمنیەکانمان ئامادەن بۆ لێدان لە بارەگاکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراق، هەروەها ئەو توانایەشمان هەیە بەرپەرچی هەموو هێرشێکی تورکیا بدەینەوە".

ژ.ت