سەرۆک کۆماری عێراق: هاوڵاتیانی عێراق قوربانیی سیاسەتی پیسی بەعسن

سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵەح دەربارەی ساڵیادی تاوانی ئەنفال رایگەیاند، زۆر کار ماوە بیکەین لە پێناو نەهێشتنی ئەنفال و کوشتنی بە کۆمەڵ.

بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ساڵیادی تاوانی ئەنفال ئاماژەی بەوەکرد "زۆربەی هاوڵاتیانی عێراق قوربانیی سیاسەتی تاوانچی دیکتاتۆرییەتن، ئەرکی هەمومانە لە حکومەتی عێراق بە هەمو دام و دەزگاکانەوە کار بکەین لە پێناو قەرەبوکردنەوەی  خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال و هەوڵی ناساندنی ئەنفال بدەین بە جیهان وەک کۆمەڵکوژییەک کە ڕوبەڕوی کوردان بووەتەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ٣٢ ساڵ تێپەڕ بووە بەسەر تاوانی ئەنفالدا، هەرچەندە تاوانباران گەیشتن بە سزای دادپەروەری خۆیان، بەڵام هێشتا زۆر کاری گرینگ ماوە ئەنجامی بدەین لە پێناو نەهێشتنی کۆمەڵکوژی و بنبڕکردنی.

 بەرهەم ساڵەح ئەوەشی راگەیاندووە "حیزبی بەعس هەمو ڕێگەیەکی گرتە بەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، وەک ڕوداوەکان ئاشکرای دەکەن گەلی کورد کارەساتی زۆر بینی لەگەڵ سیاسەتی بەعس. ئەتوانین بلێین ئەنفال ڕوی ڕاستەقینەی پیسی سیاسەتی بەعسە بەرامبەر بە کورد".

سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆتاییشدا وتویەتی "ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان نەمانتوانی وەکو پێویست لەم ڕۆژەدا لەگەڵتان بین ساڵیادی لەدەسدانی خۆشەویستانتان بکەینەوە، بەڵام یادیان هەمیشە لە دڵی هەمو تاکێکی ئەم نیشتیمانە زیندووە".

ژ.ت