ئۆسیان ڤایکینگ کەشتیی هاوکاریی مرۆییە لە ناوچەی سیلسیای ئیتالیا و ماوەیەکە لەلایەن بەرپرسانەوە کارەکانی راگیراوە و دەستی بەسەردا گیراوە.
خاتوو سوفی بیاو بەڕێوەبەری رێکخراوی سۆس مەدیترانە بە تۆڕی رادیۆیی فرانس ئینفۆ (franceînfo)ی راگەیاندووە "ئێمە ناتوانین رێگا بدەین لە سەدەی ٢١ دا بە بەرچاومانەوە مرۆڤەکان بخنکێن و بمرن. لەبەر ئەوەش دەبێت ئەو کەشتییە دووبارە دەست بەکارەکانی بکاتەوە".
ئۆسیان ڤایکینگ لە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٠ەوە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ناتوانێت لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا کارە مرۆییەکانی ئەنجام بدات.
بیاو وتی، "دەبێت تۆڕەکانی قاچاخچیکردن بە مرۆڤەوە لە ناو ببرێن، بەڵام ئەو مرۆڤانەى لە بەردەم دەروازەکانی ئەوروپادان و ئەوانەى لە بەرچاوی مرۆڤەکاندان، دەبێت ئێمە دەستی هاوکاریکردنیان بۆ درێژ بکەین".
بیاو ئەوەشی وت، بۆ ئەوەى بتوانن ژیانی مرۆڤەکان رزگار بکەن دەبێت ئەو کەشتییانە ئازاد بکرێن تاوەکو ژیانی مرۆڤەکان رزگار بکەن، چونکە دۆخی مرۆیی لە دەریای سپیی ناوەڕاست دا زۆر کارەساتبارە.
رێکخراوی سۆس مەدەیترانە، رێکخراوێکی دەریایی مرۆییە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە و لە دوای لێشاوەکانی کۆچ لە باکووری ئەفریقا بە تایبەتی لیبیا بەرەو ئەوروپا دەستی بەکارە مرۆییەکانی بۆ رزگارکردنی کۆچبەران کردووە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا گیانی زیاتر لە ٢٩ هەزار کۆچبەری رزگارکردووە.
ژ.ت