پارێزەرانی نوسینگەی مافی ئاسرین کە ئەرکی پاراستنی رێبەر گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان و ٣ لە گیراوانی دیکە دەکات، بە هۆی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە هەموو جیهان و تورکیا بڵاو بووەتەوە، ٢٠ی ئازار سەردانی داواکاری گشتی شاری بورسا و وەزارەتی داد و سزاکان کردبو و چەند داواکاریەکیان خستبووەروو.
داواکانی پارێزەران بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیمرالی و ئاگادارکردنەوەیان لەو رێوشوێنانە، رەد کرابووەوە. بیانووەکەش ئەوە بوو کە "داواکاری بۆ گرتنەبەری رێوشوێن و ئاگادارکردنەوەیان، ناچنە چوارچێوەی ئەرک و کارەکانی وەزارەتی داد و سزاکانەوە".
لەم بارەیەوە رازیە تورگوت پارێزەر لە نووسینگەی مافی ئاسرین رایگەیاند، لە دوورگەیەک کە خاوەنی پێگەیەکی تایبەت بە خۆیەتی، هەندێک لە بریگرتەکانمان کێشەی جدیان هەیە و وتی:" بەم هۆیە و هاوکات بە هۆی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوامان کرد کە بە زووترین کات رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی تەندروستی هەموو کارمەندەکان و گیراوان لە ئیمرالی و لەم بارەیەشەوە ئاگادارمان بکەنەوە. هاوکات بتوانرێت چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدور ئۆجالان و گیراوانی دیکە ئەنجام بدرێت."
پارێزەر تورگوت ئاماژەی بەوەش کرد کە، دادگای سزاکان لە بارەی ئەو سەردانەی ٢٦ی ئازاردا بڕیارێکی دەرکرد، بەڵام ئەوان لە ٦ی نیساندا لەو بڕیارە ئاگادار کراونەتەوە و وتی:"لەو بڕیارەدا داواکەیان بە بیانووی ئەوەی 'ئەم داواکاریە ناچێنە چوارچێوەی ئەرک و کارەکانمان' رەتکراوەتەوە."
تورگوت هاوکات راشیگەیاند، ئیدیعای ئەوەی ئەم داواکاریە ناچێتە چوارچێوەی کار و ئەرکەکانی دادگای سزاکان، لە دژی یاسا و مافە و وتی:"ئەرکی دادگای سزاکان لە بەرامبەر زیندانی و سزادراوان پێک دێت لە، پەسەنکردنی داواکاری زیندانیان، جێبەجێکردن و دابینکردنی پێداویستیەکانیان وەکو جلوبەرگ، خواردن و تەداویکردن و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەرەوە، کاروبارەکانیان، بەدواداچوون بۆ خەبات و کارەکانیان. داواکاریەکانیشمان لەم چوارچێوەیەدابوون."
پارێزەر تورگوت وتی:" رێگریکردن لە چاوپێکەوتنی خانەوادەکان و پارێزەران لە گەڵ بریگرتەکانمان، رێگریکردن لە ناردنی نامە و تەلەفۆن و بە گشتی پەیوەندیکردن لەگەڵ دەرەوە، بە تایبەت لەم بارودۆخەدا کە هیچ زانیاریەک ناگاتە دەستیان، جێی سکاڵایە، چونکە لە چوارچێوەی ئەرکەکانی دادگای سزاکاندایە."
تورگوت هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی هۆکاری رەدکردنی داواکانیان، پشتگوێخستنی یاسایە و بۆیە بە نیازن سکاڵا تۆمار بکەن و وتی:"لە ئەنجامی سەردانەکەمان لە ٢٠ی ئازاردا، داوامان کردبوو کە مافی تەلەفۆن (لە گەڵ پارێزەر و خانەوادەکان) کە لە هەموو بەندیخانەکانی تورکیا مافێکی ئاساییە، لە دوورگەی ئیمرالیش بکار بهێنرێت. دادگای سزاکان لەم بارەیەوە لە ٢٦ی ئازار بڕیارێکی دەرکرد و وتی، بۆ ماوەی ٦ مانگ سزای دوورخستنەوەیان لە مافی پەیوەندی و بەکارهێنانی تەلەفۆن، بەسەریاندا سەپێندراوە. ئەم بڕیارە لە ٦ی نیساندا پێمان راگەیێندراوە. ئێمە لە ١٣ی نیساندا لە دژی ئەم بڕیارە ناڕەزایەتیمان دەربڕی."
پارێزەر تورگوت هاوکات رایگەیاند، ئەوان زانیاریان پێگەیشتووە کە بڕیاری سنووردارکردنی بریگرتەکانیان لە ئیمرالی لە بەکارهێنانی مافی تەلەفۆن و پەیوەندیکردن بۆ ماوەی ٦ مانگ، لە لایەن دەستەی ئیداری و چاودێریەوە دراوە و وتی:"لە دژی ئەم بڕیارە، ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە. لە لایەکی دیکەشەوە ئەو بڕیارە هەر یەک لە بریگرتەکانمان عومەر هایری کۆنار و هامیلی یلدرمیش دگرێتە خۆی. ناڕەزایەتی ڤەیسی ئاکتاشیش تا ئێستا لە دادگای سزا قورسەکان ماوە."
پارێزەر تورگوت لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکیشی خستە سەر ئەوەی داواکانیان بە بیانووی بێ بنەما و دژ بە یاسا رێگری لێدەکرێت و وتی:"میکانیزمی پاراستنی بریگرتەکانمان رێگری لێکراوە و بریگرتەکانمان بێبەش کراون لە مافی راوێژکردن و خۆپاراستن."
لە کۆتایی قسەکانیشیدا پارێزەر تورگوت ئاماژەی بەوە کرد کە، هەموو هەفتەیەک بۆ ئەوەی خانەوادە و پارێزەران لەگەڵ بریگرتەکانمان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، سەردانی داواکاری گشتی بورسا دەکەین و تیشی، تا ئێستا ئێمە هیچ وڵامێکی ئەرێنیان لەم بارەیەوە وەر نەگرتووە.
ز.ش