ئیبراهیم بیلمەز پارێزەری رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان رایگەیاند، نووسینگەی مافەکانی ئاسرین بە هۆی ئەوەی بە تایبەت لە ماوەی قەیرانی کۆرۆنادا مافی مرۆڤ لە ئیمرالی بنپێکراوە، راپۆرتیکیان ئاڕاستەی کۆمیتەی رێگریکردن لە ئەشکەنجە (CPT) کرد و تێیدا بە تایبەت تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەو گۆشەگیریەی ٢١ ساڵە بەردەوامە، بە مەبەستی سزادان و تۆڵەسەندنەوەیە.
بیلمەش رایگەیاند، بە هۆی تەمەنی زۆری ئۆجالان کە گەیشتووەتە ٧١ ساڵ، هەروەها کێشەی تەنگەنەفەسی، رووبەرووی ریسکێکی گەورە بووەتەوە.
نووسینگەی مافەکانی ئاسرین هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی لە ماوەی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئەوان هیچ زانیاریەکیان لە سەر بارودۆخی بریگرتەکەیان بەدەست نەگەیشتووە و داواکاریەکانیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لە سەرە بارودۆخی ئۆجالان، بە بیانووی بێ بنەما رەت دەکرێنەوە و وتی:"لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریە لە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٠ راپۆرتیکیان ئاڕاستەی CPT کردووە.
ئیبراهیم بیلمەز پارێزەر لە نووسینگەی مافەکانی ئاسرین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند، هەم لە دژی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەم بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستە لە ئیمرالی و هەمیش بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر باری تەندروستی بریگرتەکەیان بەدەست بهێنن، سەردانی رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی بواری مافی مرۆڤیان کردووە، بەڵام داواکاریەکانیان رەتکراونەتەوە و وتی:" لە جیاتی چاوپێکەوتنی رووبەروو، دەتوانرێت چاوپێکەوتنی پشتی شووشە و بە رێگای تەلەفۆن، لەگەڵ بریگرتەکەمان ئەنجام بدەین."
'ئامانج لە گۆشەگیریەکەی ئیمرالی، تۆڵەسەندنەوەیە'
-ڤایرۆسی کۆرۆنا بارودۆخی زیندانیانی لە تورکیا خرابتر کردووە، بە تایبەتیش بەڕێز ئۆجالان. ئێوە بۆ بریگرتەکانتان لە ئیمرالی هەر یەک لە ئۆجالان، عومەر هایری کۆنار، هامیلی یلدرم و ڤەیسی ئاتاش سەردانی CPT-تان کرد. ئەم هەنگاوەتا چی گرنگیەکی هەبوو؟
یلدرم: سیستمی گۆشەگیری لە ئیمرالی وەک چۆن لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێکردووە، بە واتای پێشێلکاری، بە تەنیا هێشتنەوە و بێئاگا هێشتنەوە دێت. ئەم مانەوەیە لە ماڵەوە بۆ هۆی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، زۆر جیاوازە لەگەڵ سزای بەتەنیا هێشتنەوە. لە ئیمرالی ٢١ ساڵە گۆشەگیریەکی توندکراو لە ئارادایە. ئامانج لەمە پاراستنی تەندروستی نیە، بەڵکو تۆڵەسەندنەوەیە.
باس لەوە دەکریت کە لە ئیمرالی بە سەدان کارمەندی سەربازی و مەدەنی هەن و ئەم کارمەندانە دەگۆڕێن. دوای کۆتاییهاتنی دەوامیان کۆمەڵێک کارمەندی دیکە جێیان دەگرنەوە. بۆیە کارمەندەکان تێکەڵ بە کۆمەڵگا دەبن و ئەمەش مەترسی تووشبوونیان بە کۆرۆنای لێدەکەوێتەوە. لە کاتیکی وەهادا کە کۆرۆنا لە ناو کۆمەڵگادا بڵاو بووەتەوە، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر و بۆ ئەوەی زانیاری تەواومان لەسەر بریگرتەکانمان بەدەست بهێنین، سەردانی چەندین لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە. داواکاری گشتی بورسا و دادگای سزاکانی بورسا ئەم داواکاریانەی ئێمەیان رەتکردەوە. دادگای سزا قورسەکانی بورساش بە هەمان شێوە داواکاریەکانی ئێمەی رەتکردەوە. ئێمەش لە راپۆرتەکەماندا کە بۆ CPT ناردوومانە، باسمان لەم قۆناغ و گومان و داواکاری و بارودۆخی ئیمرالی کردووە.
-لە راپۆرتەکەتاندا باستان لەوە کردووە کە بە بیانووی سزای دیسیپلین بریگرتەکانتان تەنانەت مافی ئەوەشیان نیە کە تەلەفۆنیش بەکار بهێنن. لەم قۆناغی ڤایرۆسەدا ئەم سزایە لە کوێی مافەکانی مرۆڤدا جێدەگریت؟
یلدرم: بەڕێز ئۆجالان لەو رۆژەوەی بردوویان بۆ ئیمرالی، تەنانەت رۆژێکیش نەیتوانیوە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی بەکار بهێنێت. ئەو سێ بریگرتانەی دیکەمان بەر لەوەی بگوازرێنەوە بۆ ئیمرالی، لە بەندیخانەکانی دیکە دەیانتوانی بە رێگای تەلەفۆن لەگەل خانەوادەکانیان قسە بکەن، بەڵام دوای گواستنەوەیان بۆ ئیمرالی ئەم مافە لەوانیش سەندرایەوە. زیندانیان لە بەندیخانەکانی دیکەی تورکیا دەتوانن بە رێگای تەلەفۆن قسە لەگەڵ خانەوادەکانیان بکەن. بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستادا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو بووەتەوە و کاتی قسەکردن بە تەلەفۆن درێژ کراوەتەوە. بەمەش مرۆڤ ناتوانێت لە ئیمرالی باس لە مافی مرۆڤ بکات.
لەم قۆناغەدا جیاکاریەکی ئاشکرا دەبینرێت و لەم بارەیەوە چەندین نمونە هەن کە مرۆڤ دەتوانێن باسیان لیوە بکات. بۆ نمونە، بە بێ ئاگاداری ئێمە، سزای دیسیپلینیان بەسەر بریگرتەکانماندا سەپاندووە. ئامانج لەم جۆرە سزایە ئەوەیە کە چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادەکان رەتبکرێتەوە. داواکاری خانەوادەکان بۆ سەردانکردنی ئیمرالی، بە بیانووی ئەم سزای دیسیپلینە رەتدەکرێتەوە. ئێمە نازانین هۆکاری سەپاندنی ئەم سزایە چیە، هەر چیەک بێت بێ بنەمایە و بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕیوە دەچێت. لە بوونی هەر سزایەک ئاگادارمان ناکەنەوە. هەر پارێزەرێک کە وەکالەتی پێبێت دەتوانێت سەردانی هەموو دۆسیەیەک بکات و بۆی هەیە هەموو زانیاریەکی بەدەست بهێهێت.
'ئۆجالان لە ژێر فشارێکی زۆری دەروونیدایە'
-بریگرتەتان بەرێز ئۆجالان تەمەنی ٧١ ساڵە و بە هۆی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رووبەرووی مەترسیەکی زۆر بووەتەوە. لەگەڵ ئەمەش ٢١ ساڵە لە ژی گۆشەگیری توندکراودایە. وەک دەزانرێت کێشەی تەنگەنەفەسیشی هەیە. لە بارودۆخێکی وەها دا بەردەوامیدان بەو گۆشەگیریە، لە رووی تەندروستیەوە ریسکێکی گەورە نابینن؟
ئەم ڤایرۆسە ریسکێکی گەورەی لەسەر ژیانی بەریگرتەمان دروستکردووە. وەک ئێوەش باستان کرد، بەڕێز ئۆجالان بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی و کێشەی تەنگەنەفەسیەوە، لە سەرووی ئەمانەشەوە گۆشەگیری ٢١ ساڵ، رووبەرووی ریسکێکی جدی بووەتەوە. لە چوارچێوەی داواکاری و سەردانەکاندا باسمان لەم خاڵانە کردبوو، بەڵام داواکاریەکانمان بە بێ بنەما رەتکرانەوە. ئێمە دەزانین کە باری تەندروستی بەرێز ئۆجالان و بریگرتەکانی دیکەمان لە چ ئاستێکدایە. بارودۆخێکی نەرێنی وەها لە ئارادا هەیە کە ئەگەر لە ئیمرالی ڤایرۆس بڵاو ببێتەوە، لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستیەکانی ئەوێ، ئامێری چارەسەری تەنگەنەفەسی لێنیە. ئێمە دەزانین کە ئەگەر بارودۆخێکی بەم شێوەیە رووبدات، دەبێت بە پەلە کاری بۆ بکرێت. نەخۆشخانە زۆر دوورە لە ئیمرالیەوە. بۆیە ئێمە لە دڵەراوکێداین.
-ئێوە چەندین داواکاریتان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لە ئیمرالی پێشکەش کرد، بەلام دەوترێت لەم کاتەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو بووەتەوە، ریسکی هەیە کە لە نزیکەوە چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت. چ رێگایەکی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت؟
یلدرم: ئێمە ئاگامان لە رێوشوێنەکانی رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە. داواکاری ئێمە ئەوەیە کە بە پێی هەڵومەرجی گونجاو چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت. ئەوەی گرنگە پارێزەران بتوانن بریگرتەکانیان ببینن. دەتوانرێت لە جیاتی ئەوەی لە ژوورێکدا لە نزیکەوە چاوپیکەوتن ئەنجام بدرێت، لە پشتی شووشە و بە ریگای تەلەفۆن دەتوانرێت چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت. پارێزەران لە چەندین بەندیخانە بەم شێوەیە چاوپێکەوتنەکانیان لە گەڵ بریگرتەکانیان ئەنجام دەدەن.
-ڤایرۆسی کۆرۆنا سەلماندی کە گۆشەگیری واتە چی. بەڕێز ئۆجالان چەندین ساڵە لە ژێر گۆشەگیری دایە. لەم بارەیەوە چیتان هەیە بڵێن؟
یلدرم: گۆشەگیری لە ئیمرالی بە زیهنیەتی تۆڵەسەندنەوە و بە شێوەی سزادان، بەڕێوە دەچێت و لە پشتیەوە چەندین ئامانجی سیاسی هەن. بە تەنیا مانەوە بۆ هەر تاکێکی ئاسایی، کاتیە. بۆیە گۆشەگیریەکەی ئیمرالی و بە تەنیا هێشتنەوە، وەکو بە تەنیا مانەوە نیە و لە یەک ناچن. بەڕێز ئۆجالان و سێ کەسی دیکە لە ئیمرالی گۆشەگیر کراون. نە مافی بەکارهێنانی تەلەفۆنیان هەیە، نە دەتوانن لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان قسە بکەن، ناتوانن پەیام بنێرن و نامە وەرگرن، ناتوانن هەواڵی یەکدی بپرسن. هیوادارم ئەم مانەوەیە لە مالەوە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ببێتە هۆکار کە لەم حاڵەتە تێبگەین.
'دەبێت CPT بەدواداچوون بۆ ئەم قۆناغە بکات'
ئایا CPT دەتوانێت کۆتایی بەم پێشێلکاریە بهێنێت؟ ئێوە چاوەڕێ چیان لێدەکەن؟ پێتان وایە کەی وڵامی راپۆرتەکەتان دەدەنەوە؟
یلدرم: CPT یەکێکە لە رێکخراوە نێودەولەتیەکان و دەتوانێت گۆشەگیری و پێشێلکاریەکانی ئیمرالی بسەلمێنێت و دەتوانێت کاریگەری هەبێت بۆ ئەوەی ئەم پێشێلکاریە کۆتایی پێبێت. لە ساڵی ١٩٩٩وە بەدواداچوونی بۆ دەکات و چەندین جاریش سەردانی ئیمرالی کردووە. دوای سەردانەکان راپۆرتی بڵاو کردووەتەوە و لە بارەی قۆناغەکانی چارەسەریش پێشنیارەکانی پێشکەشی تورکیا و رای گشتی کردووە.
ئەوەی CPT دەبێت بیکات ئەوەیە کە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو پێشێلکاریانە بهێنرێت، لەگەڵ تورکیا دانیشێت. لەم قۆناغە دا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرۆکی هەموو جیهانی گرتووەتەوە، داواکاریەکانمان جێبەجێ بکات و بەدواداچوون بۆ ئەم قۆناغە بکات. ئەگەر ئەم هەنگاوە نەنێت و لە بەرامبەر ئیمرالی بیدەنگ بمێنێت، واتە بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ قبولی ئەم بارودۆخەی کردووە. داواکاریەکانمان لە دوایین راپۆرتدا کە پێشکەشی CPT کردبوو، بەم شێوەیەن: بۆ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیمرالی بڵاو نەبێتەوە، بە پەلە رێوشوێنی پێویست بگیرێنەبەر، بە تایبەت لە رووی پاکوخاوێنیەوە. لە بارەی بارودۆخی ئیمرالیەوە، وەکو پێویست زانیاری بگات بە دەستمان. رێگە بدرێت بە پێی هەڵومەرجی گونجاو، چاوپێکەوتن لەگەڵ بریگرتەکانمان ئەنجام بدرێت. مافی قسەکردن بە تەلەفۆنیان هەبێت. کۆتایی بە سزای دیسیپلین بهێرێت.
ز.ش