پرۆژە یاسای ٧٠ خاڵیی سزاکانی تورکیا بە بێ مافی زیندانیانی سیاسی پەسەند کرا

پرۆژە یاسایەکی ٧٠ خاڵی، کە کاریگەری لەسەر ٩٠ هەزار کەس دروست دەکات و مافی زیندانیی سیاسیی تێدا مسۆگەر نەکراوە لەلایەن و ئۆپۆزیسونەوە ناوی لێناوە "لێبوردنی شارەوا"، لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا و بو بە یاسا.

پرۆژە یاسایەکی ٧٠ خاڵیی پێوەندیدار بە گۆڕینی هەندیک یاسا و یاسای پێوەندیدار بە رێوشوێنە ئەمنییەکان و سزادانەوە لە پەرلەمانى تورکیا پەسەند کرا. لەو پرۆژە یاسایەدا ١١ یاسای سزاکانی پەیوەندیدار بە زیندانیانەوە گۆڕانکاریی تیادا کراوە. هەدەپە، جەهەپە و ئیی پارتی داوایان کرد هەموو پرۆژە یاساکە دەنگدانی ئاشکرای لەسەر بدرێت، بەڵام داواکەیان لەلایەن دەستەى بەڕێوەبەریی پەرلەمانەوە رەتکرایەوە.

دەنگدانەکە بە شێوەی ئەلەکترۆنی ئەنجامدرا و لە کۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار ٣٣٠ پەرلەمانتار بەشدارییان تێیدا  کرد و لەوانەش ٢٧٩ پەرلەمانتاریان دەنگی بەڵێ و ٥١ د دیکەشیان دەنگی نایان بەکار هێناوە و لە ئەنجامدا پڕۆژە یاسای ٧٠ خاڵیەکە پەسەند کرا.

ئوپۆزیسون لەبارەی ئەو پڕۆژە یاسایەوە داوای ٢١٠  گۆڕانکاریی کردبوو، بەڵام داواکەیان بە دەنگی ئاکەپە و مەهەپە ڕەد کرایەوە.

ئەو پرۆژە یاسایە کارئاسانیی بۆ زیندانیانى بواری کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئابووری و کوشتن تیادایە، بەڵام هیچ ئاسانکارییەکى بۆ زیندانیانى سیاسی و زیندانیانی سیاسیی نەخۆش لە زیندانەکانى تورکیادا تیادا نییە.

ژ.ت