پەرلەمانتارێکی سویسرا: ئەردۆغان پەتای کۆرۆنا لەدژی کوردان بەکاردەهێنێت

دینیس دی لا ریوسیل پەرلەمانتاری سویسرا ڕایگەیاند، "ئەردۆغان وەک دیکراتۆرێک پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک کارتێکی زۆردەستی لەدژی کوردان و هەموو بەشەکانی ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنێت.

دینیس دی لا ریوسیل پەرلەمانتاری سویسرای پارتی کرێکاران لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا باسی لە فشار و زۆردەستی دەوڵەتی تورک لە سەردەمی کۆرۆنادا لەسەر کوردان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد.

'گەل هەڵیاندەبژێرێت و ئەردۆغانیش دەستگیریان دەکات'

دینیس دی لا ریوسیل وتی،"وەک زۆربەی دیکتاتۆرەکانی تر لەم قەیرانەکدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆ‌غان سەرۆک کۆماری تورک پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنێت. پەتاکە لەدژی کەمێنەکان و ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنێت و کردوویەتی بە ئامارێکی زۆردەستی."

هەروەها وتی،" لە بەهاری ٢٠١٩دا لە هەڵبژاردنەکاندا هەدەپە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتدا ژمارەیەکی زۆر شارەوانی کە نزیکەی ٦٥ شارەوانی بوو بە شێوەیەکی دیموکراتی بەدەستیهێنا. بەڵام ئێستا ٤٥ لەو شارەوانیانە دەستیان بەسەرداگیراوە و ئەردۆغانیش بەڕیوەبەری خۆی لە شوێنی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان داناوە. هەروەها ٢١ سەرۆک شاروانیش لە زیندانەکاندان.

 

باسی لە هێکین بۆلەک و ئیبراهیم گۆکچەک ئەندامانی گروپی یۆرومیش کرد کە لە ئەنجامی مانگرتن لە خواردندا گیانیان لەدەستدا و هەروەها دەستگیرکردنی لەیلا گیوڤەن و مووسا فارسئۆگوللاری پەرلەمانتارەکانی هەدەپەشی وەبیرهێنایەوە و وتی،"ئەو کردەوانە هەموویان لە لایەن دەسەڵاتی موحافزەکاری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی ئەردۆغانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەنجام دەدرێن."

داوای لە کۆنسەری فیدڕالی سویسرا کرد کە فشار لەسەر دەوڵەتی تورک بکات بۆئەوەی نوێنەرانی گەل ئازاد بکات.

پرسیاری لە هەڵویستی سویسرا لەبارەی دیکتاتۆری کرد

دینیس دی لا ریوسیل پەرلەمانتاری سویسرا ئەم پرسەی لە کۆنسەی فیدڕالی سویسرا کرد:

"کۆنسەی فیدڕال بۆ هونەرمەندانی گروپی یۆروم کە لە ئەنجامی مانگرتن لە خواردندا گیانیان لەدەستدا هەوڵیدا؟

حکومەتی سویسرا بیردەکاتەوە کە بۆ دیموکراسی تورکیا بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ بکات، لەدژی ئەم حکومەتە دیکتاتۆرە سزا ئامادە بکات، بە تایبەتی لە رووی ئابۆریەوە بیکاتە ڕۆژەڤ؟"

ف.ق