ژنێکى ئێزدی لە ئەڵمانیا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا

ژنێکى تەمەن ٢٧ ساڵی ئێزدی بە ناوی بەسمە ئەکینجی و دایکی ٣ منداڵ لەلایەن هاسەرەکەیەوە لە شاری هیلدسهیمی ئەڵمانیا کوژرا.

دوێنێ چوارشەممە سۆر رۆژی جەژنی ئێزدییەکان، کە رۆژی ئاهەنگ و جەژنە، ژنێکى تەمەن ٢٧ ساڵی ئێزدی بە ناوی بەسمە ئەکینجی لەلایەن هاوسەرە تەمەن ٥٥ ساڵەکەیەوە لە شاری هیلدسهیمی ئەڵمانیا کوژرا.

کوژرانى ئەو ژنە ناڕەزایەتیی رێکخراوەکانى پشتیوانى ژنانى ئەوروپا، رێکخراوەکانى سەر بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا، ئەتامارا، سەمەژێ و فەدا لێکەوتەوە و راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بۆ ئیدانەکردنى کوژرانی بەسمە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، مانگی رابردووش، واتە لە مانگی ئاداردا لە شاری دۆرتموند ژنێکى تری ئێزدی بە ناوی ئۆنالیا چەندی کوژرا.

لە راگەیاندراوی ئەو رێکخراوانەى بواری ژناندا هاتوە، بەسمە ئەکینجی لە دواى ٧٤هەمین فەرمانی سەر شەنگال کۆچبەری ئەوروپا بووە. بەبێ خواستی خۆی دراوە بە پیاوێک، کە هاوسەری هەبووە و تەمەنی دوو هێندەى خۆی بووە و بە ناچاری کراوە هاوسەری دووەمی جەمال ئەکینجی.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، زۆر لەوە نیگەرانن، کە نایانتوانیوە خۆیان بەوە ژنە بگەیەنن و ژیانێکى بە دوور لە توندوتیژی و هەڕەشە و ئارامی بۆ دابین بکەن، بۆیە بە داخێکى زۆرەوە سەری رێزی بۆ دادەنەوێنین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەى و گەلی کورد دەکەن.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ماوەیەکە بەهۆی کەرەنتینەى کۆرۆناوە توندوتیژیی دژ بە ژنان بەشێوەیەکى سەرەنجڕاکێش زیادیکردووە، چونکە ژنان ناچار دەبن لە ماڵەوە لەگەڵ کەسانى توندوتیژ و بکوژدا هەڵبکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی پەلاماردان و کوشتنی ژنان، چونکە بەهۆی دۆخی کەرەنتینەوە ناتوانن هاواریان بە هیچ شوێنێک بگەیەنن.
باسی ئەوەشیانکردووە "ئێمە دەزانین کوشتارکردنی ژنان لە راستیدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە، بەڵکو بەهۆی سیستمی باکسالارییەوەیە، کە هەموو کات و لە هەر وڵاتێکدا هەموو شوێنێکى بۆ ژنان کردووەتە زیندان و گۆڕستان. سیستمی باوکسالاری بە عەقلیەتی زوڵمکردن لە ژنان لە هەموو شوێنێکدا ئارامیی لە ژنان زەوتکردووە، گوایە چوار دیواری ماڵ ئارامترین و پارێزراوترین شوێنە، بەڵام بۆ ژنان بوەتە شوێنى چەوساندنەوە و توندوتیژی و کوشتنیان".

راشیانگەیاندووە، بەهەموو توانای خۆیان بەرەنگاری هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لە دژی ژنان دەبنەوە و کار بۆ ئەوە دەکەن، زاڵمەکان، بکوژەکان و دەستدرێژیکاران بە سزا بگەیەنرێن و هیچ توندوتیژی و هەڕەشەیەکى پیاوان ناتوانێت لە تێکۆشانەکەیان ساردیان بکاتەوە.

ژ.ت