بانگەوازی ئۆزەل بۆ حکومەت: بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرە و بوێر بە

سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل پەیوەست بە بانگەوازییە میژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی: "بە گوتنی 'پرسی کورد لە ئارادا نییە' هیچ کاتێک پرسی کورد چارەسەر نابێت."

سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل سەردانی  فاتیح ئەربەکانی سەرۆکی گشتی پارتی یەنیدەن ڕەفاحی کرد و لە دوای سەردانییەکە پەیوەست بە بانگەوازییە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ لێداوانێکی دا.

ئۆزەل ڕایگەیاند پرسی کورد هیچ کاتێک بەو قسانەی ئەردۆغان چارەسەر نابێت کە دەڵی 'پرسی کورد لە ئارادا نییە' و ئەمەی گوت: "بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبێت کارەکان لە زەمینە و چوارچێوەی پەڕلەماندا ئەنجام بدرێت، دەبێت هەموو پارتێک بەشداربێت و نوێنەرایەتی لایەن و بزووتنەوە کۆمەڵاتیەکانیش بوونیان هەبێت. بەدڵنییاییەوە دەبێت ئەمە ئەنجام بدرێت. دەستپێک و دەرنجامی ئەم کارکردنە دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. هاوڵاتیانی کۆماری تورکیا دەزانین چی ڕوودەدات و چی لە ئارادایە. بە ڕەوای نازانم پارتی دەسەڵاتدار و سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٥دا گاڵتە بە عەقڵی خەڵک بکەن. گەر تۆ کارێک بکەی ئەوکاتە دەبێت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگری و بوێری خۆت نیشان بدەی. گەل ئەم پێوەری پێداوی و ڕێگەی داوی."

ئۆزەل دەستنیشانیکرد دەربارەی پرۆسە نوێ خۆی لە بەرپرسیارێتی لانادا و بەم شێوەیە هەڵوێستی لە دژی بێدەنگی ئەردۆغان نیشاندا: "پێگەی کارەکتەرەکان دیار و ڕوونە. بەڵام پێگە و هەڵوێستی کەسێک ڕوون نییە!. ئاگاداری هەموو شتێکە بەڵام کاتێک شتەکە لە بەرژەوەندییدا نییە، لە ئاستییدا خۆی کەڕ و لاڵ دەکات. ئیدی دۆخەکە پێویستی بە دڵسۆزی و بوێری هەیە. هەموو کەسێک دەزانێت کێ لەم پرۆسەیەدا بەشدارە. تۆ (ئەردۆغان) بە هەموو شێوەیەک لە ناوەندنی ئەم کارەدایی. دەبێت دڵسۆز و ڕوون بن. با یەکتری هەڵنەخەڵەتێنن. دەبێت تەیب ئەردۆغان وەک ترسنۆکەکان باری هەموو مەترسییەکان نەخاتە ئەستۆی هاوبەشەکەی و لەملاوە خۆی بە دوای بەرژەوەندییە سیاسییەکانیەوە ببێت. با ڕوون و ڕاشکاوبێت."

دەربارەی پڕۆسەکە

ئۆزەل دەربارەی پرۆسە نوێیەکە گوتی: "گەر خێرداربێت بۆ وڵاتەکەمان، گەر کۆتایی بە خوێن ڕشتن بهێنێت، گەر خەڵکی دڵخۆش بێ و دایکان نەگرین، گەر ئاشتی بێتەئارا و گەر هاوڵاتییانی کوردمان ڕزگارییان بێت لە پرسەکانیان و خۆیان وەک هاوڵاتییەکەیی یەکسانی ئەم وڵاتە ببیننەوە، ئەوکاتە ئێمەیش لەگەڵی دەبین."