لێبووردنی نێونەتەوەیی: دەبێت لێپرسینەوە لە بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان لە سوریا بکرێت
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بانگەوازی لە حکومەتی دیمەشق کرد بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان دادگایی بکات.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بانگەوازی لە حکومەتی دیمەشق کرد بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان دادگایی بکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ڕۆژانی ٨ و ٩ ی ئاداری ٢٠٢٥ لە بانیاس زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون، ڕێکخراوەکە بە وردی لێکۆڵینەوەی لە ٣٢ کوشتن کرد و دیاریکرد کە هاووڵاتیانی مەدەنی عەلەوی بە ئەنقەست لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج.
شایەتحاڵانی ڕووداوەکە ڕایانگەیاندووە، ئەو چەکدارانە سەرەتا لێکۆڵینەوەیان لە مەزهەبی قوربانییەکان کردووە و دواتر کوشتوویانە. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە ئەو کەسانەی بەرپرسیارن تەرمەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە خاک سپاردووە بەبێ ئەوەی ڕێگە بە کەسوکاری قوربانییەکان بدەن بەپێی ڕێوڕەسمی ئاینی تەرمەکانیان بنێژن.
سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ئاگنێس کالامارد گوتی، "ئەو بەڵگانەی کۆمان کردۆتەوە دەریدەخەن کە گروپەکانی لایەنگری حکومەت بە ئەنقەست هاوڵاتیانی مەدەنی عەلەوییان کردۆتە ئامانج و لە مەودای نزیکەوە کوشتوویانن".
گالامارد گوتی: "کوشتنی خەڵکی مەدەنی و بێ چەک تاوانی جەنگە. پێویستە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و کاریگەر بکرێت بۆ دادگاییکردنی تاوانباران".
سەرۆککۆماری نوێی دیمەشق، ئەحمەد ئەل شەرع لە ٩ ی ئادار ڕایگەیاند کۆمیسیۆنێکیان بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە. بەڵام ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند بۆ ئەوەی ئەم کۆمیسیۆنە بە کاریگەرتر و سەربەخۆتر کاربکات، دەبێت لەڕووی هێز و پسپۆڕ و سەرچاوەی پێویستەوە بەهێزبکرێت.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند ساڵانێکە تاوانەکان لە سوریا بێ سزا ماونەتەوە، دووپاتی کردەوە بۆ ئەوەی تاوانی لەم جۆرە دووبارە نەبنەوە دەبێت میکانیزمی لێپرسینەوە پێکبهێنرێت.