چالاکی دادپەروەری لە نزیک وەزارەتی دادی فەرەنسا بەڕێوەچوو

بۆ دەرخستنی راستییەکانی کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس و چەسپاندنی دادپەروەری لە نزیک وەزارەتی دادی فەرەنسا چالاکییەک ئەنجامدرا.

لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا رۆژی ٢٣ی کانونی یەکەم لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر ناوەندی کولتوری کورد لە شەقامی ئینگهەین و دوو شوێنکاری کوردان، ٣ چالاکوانی کورد شەهید بوون و ٣ ی دیکەش برینداربوون. لەو تیرۆرەدا یەک لە پێشەنگانی بزوتنەوەی ژنانی کورد ئەڤین بۆتان (ئەمینە کارا)، هونەرمەندی کورد میر پەروەر و وڵاتپارێز عەبدولرەحمان کزڵ ژیانیان لەدەستدا.

هێڕشکارەکە بە ناوی ولیام مالێت بە تاوانی "کوشتنی بە شێوەی بەژادپەرستی و هەوڵدان بۆ کوشتن" زیندانی کراوە.

کورد و زۆریەک لە رێکخراوە مەدەنییەکان و حزبەکان، رایانگەیاند کە ئەو هێرشە "پرسێکی دادوەری نییە، بەڵکوو سیاسیە" و داوایان کرد کە داواکاری گشتی دژە-تیرۆر لێپرسینەوە لە دۆسیەکەدا بکات.

بە ئامانجی دەرخستنی راستییەکان و داواکاری بۆ چەسپاندنی دادپەروەری لە گۆڕەپانی ئۆپێرا لە نزیک وەزارەتی داد چالاکییەک ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا پلاکاردی "دەوڵەتی تورک ١٠ ساڵ دوای ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ جارێکی تر لە پاریس سێ هەڤاڵمانی تیرۆر کرد" بەرزکرایەوە و داواکرا کە کۆمەڵکوژیەکەی ٢٣ی کانونی یەکەم وەک "هێرشی تیرۆرریستی و سیاسی" پێناسە بکرێت.

هونەرمەندانی کوردیش بە ئامێرەکانی موزیکی خۆیانەوە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد و گۆرانیان چڕی.

هـ . ب