گردبوونەوەی ئازادی: با هەنگاوی ڕوون بنرێت!

دەم پارتی لە چوارچێوەی پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکانی دوایی، لە گۆڕەپانی ئەسەنیورت "گردبوونەوەی ئاشتی بۆ ئازادی" ئەنجامدا، لە گردبوونەوەکەدا بانگەواز لە دەسەڵات کرا هەنگاوی ڕوون بنێت.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە چوارچێوەی پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکانی ئەم دواییەدا، "چالاکی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئازادی" ئەنجام دەدات. لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا لە گۆڕەپانی ئەسەنیورتی ئەستەنبوڵ لە ژێر دروشمی "ڕەنج و دادپەروەری و ئاشتی بۆ ئازادی" گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو. خەڵکی شارەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە بەرەو گردبوونەوەکە بەڕێکەوتن.

 لە گردبوونەوەکەدا، هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان (هەدەکە) مەراڵ دەنیش بەشتاش و هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللارییش بەشداربوون.

"بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم ئاشتی هاتووین"

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری بە کوردی و عەرەبی و تورکی سڵاوی لە جەماوەر کرد، ڕایگەیاند بۆ ئاشتی کۆبوونەتەوە و بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم ئاشتی هاتوون، گوتی: " ئەم تێکۆشانەمان دژی گۆشەگیریی ئیمراڵییە. تێکۆشانە بۆ ئازادی فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش و دەیان هەزار زیندانی. تێکۆشانە بۆ وەستاندنی کوشتنەکان. بۆ وەستاندنی شەڕ.  بۆ وەستاندنی شەڕ لە کوردستان، سوریا، فەلەستین، و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تێدەکۆشین. ئەمڕۆ دەیانەوێت ستاتۆی ڕۆژئاوا ئاستەنگ بکەن. دیسانەوە دەڵێین، دەست لە سوریا هەڵبگرن. با گەلانی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانەوە بڕیار لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان بدەن. با پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن".

"دەستتان لەسەر گەلی ڕۆژئاوا بکشێننەوە"

تولای حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گوتی: "دەستتان لەسەر گەلی ڕۆژئاوا بکشێننەوە، گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری خۆی دامەزراندووە. بەم مۆدێلە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشخستووە و بووەتە نموونە. هەموو گەلان و باوەڕەکانی ڕۆژئاوا خۆیان لەم ئیدارەیە دەبیننەوە. ئەو ژنانەی لە شوێنانی تر ئیرادەیان ڕەچاو ناکرێت، لەڕێگەی سیستەمی هاوسەرۆکایەتییەوە بەشداری سیاسەت دەکەن. هێرشی چەتەکانی سوپای نیشتیمانیی سوریا (NSA) بۆ سەر بەنداوی تشرین و ئێشکگرانی بەنداوی تشرین بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکرێت. بۆ سوریایەکی دیموکراتیک پێویستی بە دەستوورێکی نوێی سوریا هەیە. بۆیە دەبێت هەمووان دەستیان لە سوریا بکشێننەوە. سڵاو لە تێکۆشەرانی ڕۆژئاوا دەکەین".

بانگەواز بۆ دەسەڵات: دەبێت هەنگاوی ڕوون بنێن

هەروەها تیشکی خستەسەر پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ و گوتی: "تەندرووستی بەڕێز ئۆجالان زۆرباشە، من سڵاوی بەڕێز ئۆجالانتان پێ ڕادەگەیەنم. پەیامی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئێوە ئەمەیە "چەندێک تورکیا دیموکراتیک بکەن، ئەوەندەش پرسی کورد بەڕێگەی دیموکراتیک و ئاشتییانە چارەسەر دەبێت".

حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند نەوەک هەر دەسەڵات و دەم پارتی دەبێت هەموو پارت و ڕێکخراوەکانی تورکیا بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی هەوڵ بدەن و لەم پرۆسەیەدا بەشداربن، لە هەمووکات زیاتر پێویستی وڵات بە ئاشتی هەیە.

هەروەها دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان و دانانی قەیومی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند بە دانانی قەیوم ئاشتی نایەتەدی. گرتن و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی شەرمەزار کرد، جەختی کردەوە تێکۆشانی هاوبەش بۆ ئاشتی دەکەن و گوتی: "عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت "پێویستە لە ئەنقەرە و ئامەد و ئیستەنبوڵ دەربارەی ئاشتی بدوێین". عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاوی نا، بەڵام حکومەت و دەوڵەت هەنگاوی نەناوە. دەبێت سەرەتا گۆشەگیری هەڵبگرن".

مەراڵ دەنیش بەشتاش: سەرەتا دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە

هاووتەبێژی هەدەکە مەراڵ دەنیش بەشتاش ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی تورک و کورد تێدەکۆشێت، تا دەرگای ئیمراڵی نەکرێتەوە ئاشتی نایەتەدی. گوتی: "دەمانەوێت دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٩٩٣ ـەوە تا ئێستە بۆ ئاشتی تێدەکۆشێت. ئەو کەسەی بانگەواز لە بەڕێز ئۆجالان و داوای لێ دەکات لە پەرلەمان قسەبکات، دەبێت پێش هەموو شت دەرگای ئیمراڵی بشکێنێت. لێرەوە هەزاران سڵاو بۆ ئیمراڵی دەنێرین. ئاشتی بەربەست ناناسێت و ئەم بەربەستانە دەشکێنین. ئاشتی ڕادەستبوون نییە، ئاشتی چارەسەرە".