یەپەژە: پێویستە ژنانی ئەوینداری ئازادی سوریای نوێ بنیات بنێن، نەوەک بکوژان

فەرماندەیی گشتی یەپەژە ڕایگەیاند هەوڵدەدرێت لەو چەتانەی ناسنامەی خۆیان گۆڕیوە دەوڵەت دابمەزرێت، ناڕەزایەتی بەرامبەر پۆست بەخشین بە بکوژی هەڤرین خەڵەف نیشاندا و گوتی: "دەبێت سوریای نوێ بەدەستی ژنانی ئازادیخواز بنیات بنرێتەوە، نەوەک بەدەستی بکوژان".

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) دەربارەی بنیاتنانەوەی سوریای نوێ بە دەستی ژنانی ئازادیخواز ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

دەڵێت: "لە سوریا ڕژێمی بەعس کە وەڵامی هیچ داخوازییەکی کۆمەڵگەی نەدایەوە ڕووخا و پرۆسەیەکی ئاڵۆز و زەحمەت بەردەوامە.

لەم پڕۆسە مێژووییەدا کە جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت، ئەگەر هەستیاری دانوستانە درێژخایەنەکان بۆ بنیاتنانی وڵات نیشان نەدرێت، ئەو دانوستانانە هەم متمانە و هەم شەرعیەتی خۆیان لەدەست دەدەن. لەم چوارچێوەیەدا، لە ٢٩ی کانوونی دووەم، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لە دیمەشق، چارەنووسی تەواوی هەرێمێک لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دیاریکرا. حاتم ئەبو شەقرا، بەرپرسی چەتەکانی ئەحرار ئەلشەرقییە و بکوژی سەرۆکی پارتی سوریای ئایندە، هەڤرین خەلەف، نەک هەر بەشداری ئەم کۆنفرانسە گوماناوییە بوو، بەڵکو پۆستی پێ درا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتی دیمەشق نکۆڵی لە تێکۆشانی ژنانی کورد دەکات، کە هەموو جیهان دانیان پێدا ناوە. لەوەش خراپتر ئاماژەی بەوەدا کە هیچ شوێنێک بۆ ژنان و بەتایبەت ژنانی کورد لە سوریای نوێدا نییە کە هەوڵی بنیاتنانی دەدرێت. بۆیە هەر بڕیارێک لە لایەن کۆنگرە و کۆنفرانسەکانەوە کە ژن و گەلانی تێدا نەبێت، ناشەرعیە و وەک یەپەژە ئەو جۆرە کۆنفرانس و بڕیارانە بە شەرعی نازانین و قبوڵیان ناکەین.

وەک شەڕڤانانی ئازادی قەسەدە_یەپەگە بە پێشەنگایەتی یەپەژە ئەم ١٤ ساڵە دژی داعش کە دەوڵەتی تورک پێیان دەڵێت ڕۆڵەی باش و میواندارییان دەکات، بۆ پاراستنی گەلەکەمان و مرۆڤایەتی تێکۆشانێکی بەهێزمان ئەنجامدا. لە چەندین وڵاتی ئەوروپا و دواجاریش لە ئەمریکا هێرشی چەتە جیهادیستەکان کە دووچار مرۆڤایەتی دەبێتەوە، بەم بەرخۆدانەی ئێمە وەستێنرا و سنووردارکرا.

زیهنیەتی جیهادیست و نوێنەرەکانی هەوڵدەدەن لەڕێگەی چەتە کۆنەکانەوە کە جلوبەرگیان گۆڕاوە، دەوڵەتێکی دابمەزرێنن. ئەم ڕەوشە لای ئێمە مایەی قبووڵکردن نییە. ئەم هێزە جیهادیستانە جلوبەرگ و ناوی نوێوە هێرش دەکەنە سەر گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەمڕۆ لەڕێگەی ئەوانەوە هەوڵدەدرێت دەوڵەتێک دابمەزرێنێت. دەشێت جلوبەرگ و ڕووخساریان بگۆڕن، بەڵام ناتوانن ڕاستی ئەو بکوژانە بشارنەوە کە دەستیان لە خوێنی هەزاران کەس هەیە و کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە و سەری خەڵکیان بڕیوە و بەتایبەت جەستەی ژنانیان پارچە پارچە کردووە و گەیشتوون بە سنووری نائەخلاقی.

پێویستە دەستبەجێ ئەم بکوژانە دادگایی بکرێن و سزای ڕەوای خۆیان وەربگرن. پێویستە سەرۆکی ئاکەپەی فاشیست، ئەردۆغان کە ئەوانی گەورە کردووە و بەکاری هێناون و فڕێیدانە گۆڕەپانەکانەوە، لە دادگای سزای قورس دادگایی بکرێت. ئەمە ئەرکی ئەخلاقی هەموو کەس و ڕێکخراو و دەزگایەکە کە خاوەنداری لە مرۆڤایەتی و دیموکراسی دەکەن و بەتایبەت ئەرکی هەموو ژنانی جیهانە.

لەسەر ئەم جوگرافیایە کاتێک ژن کوژرا، هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە دەستی پێ کرد. بۆیە دەبێت سوریای نوێ بەدەستی ژنانی ئازادیخواز بنیات بنرێتەوە، نەوەک بەدەستی بکوژان".