ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لەبارەی بریاری دادگای دەستووری بنەڕەتی تورک لەبارەی بودجەی هەدەپە کە بودجەکەی بلۆک کرد لە باڵەخانەی پارتەکەی لە ئەستەنبوڵ قسەی کرد.
گونای وتی، " وەک هەموو ڕای گشتی گوێمان لە بڕیارەکەی دادگای دەستووری گرت، کە نایاسایی و سیاسییە. لەو ڕۆژەوەی باسی داخستنی پارتەکەمان دەکرێت، لەسەر راگەیاندنەکان لەدژمان هەڵمەتێک دەستی پێکردووە. ئێمەش لە میدیاکانەوە زانیاریمان دەست کەوت کە لەدژی پارتەکەمان سکاڵا تۆمار کراوە، وەک دوایین ئۆپەراسیۆنە سیاسییەکان و سەپاندن و فشارەکان، ئەمڕۆش لە ڕۆژنامەکانەوە زانیمان کە دادگای دەستوور بڕیاری داوە بودجەی سێیەم گەورەترین لایەنی تورکیا کە پشتیوانی گەنجینە وەردەگرێت، بلۆک بکات.
بڕیارێکی سیاسیە
ئێمە لە هیچ بڕیارێک سەبارەت بەم داواکارییە ئاگادار نەکراینەوە. ئەمڕۆ هیچ لێدوانێکی فەرمی و بڕیارێکی دادگای دەستووری نییە. ئێمە لەبەردەم هەڵمەتێکی چەواشەکاریداین. ئەمڕۆ دادگای دەستووری بڕیارێکی تەواو سیاسی و شەرمەزارکەری واژۆ کرد کە بەتاڵە لە بنەما یاساییەکان. ئەمڕۆ گورزێکی تر لە سیاسەتی دیموکراسی درا. دوژمنایەتی دەسەڵات لەبەرامبەر سیاسەتی دیموکراسی، هۆکاری ئەم بڕیارەیە. ئەم بڕیارە کە لە ئێستاوە بووەتە نیشانەیەکی ڕەش لەسەر مێژووی دادگا، توڕەیی خەڵکی لە دژی حکومەت زیاتر کرد و متمانە و ئیرادەی گەلی زیاتر کرد. با کەس گومان نەکات؛ کە لە کۆتاییدا سەردەکەوین و گەلانی تورکیا سەردەکەون. دوای ئەوەی دادگای باڵا داواکاری پێشووی داواکاری گشتی بۆ بلۆککردنی هەژماری پارتەکەمان ڕەتکردەوە، دادگای دەستووری کە پێشتر دووجار ڕەتیکردبووەوە، ئەمجارەیان بەرەنگاری فشارە سیاسییەکان نەبووەوە، ئەمەش وێنەی شەرمەزاری لە مێژووی دادگاکەدا زیاتر کرد و بریاری لەسەر بلۆککردنی هەژماری سێیەم گەورەترین پارتی لە تورکیادا.
هەروەها ئەو بنەما یاساییانەی کە بڕیار بوو دادگای دەستوور جێبەجێی بکات، پێشێل کران. ئەم بڕیارە نارەوایە، هیچ رەوایەتیەکی بۆنییە. لەلایەن گەلانی تورکیاوە شەرمەزار دەکرێت، بڕیارێکی قبوڵنەکراوە. دەبوو دادگای دەستووری بێ ئەوەی هیچ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر، داواکارییەکی نایاسایی لەو شێوەیە رەت بکردایەتەوە. هەموو ڕای گشتی تورکیا زۆر باش دەزانن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا فشارێکی سیاسی زۆر جددی دروست بووە لە دژی پارتەکەمان. دادگای دەستووری بەپێی ئەو فشارە سیاسیانە بڕیاریدا. ئەمڕۆ دادگای دەستووری بووەتە ئامرازی پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەسەڵات.
' ئەم بڕیارە بە تەنیا تووڕەییمان زیاتر دەکات'
ئەم بڕیارە لە ویژدانی ملیۆنان کەسدا پووچەڵە. گەورەترین گەنجینەی ئێمە هیوای گەلەکەمانە بۆ گۆڕانکاری، ئیرادە و باوەڕی لە دڵیاندایە. ئەم بڕیارە ئێمە ناترسێنێت، بە پێچەوانەوە توڕەییمان لە دژی فاشیزم زیاتر دەکات. ئێمە دڵسوزانەتر و بە ئیرادەتر تێدەکۆشین. ئێمە هیوامان بە داهاتوو هەیە، چونکە ئێمە گەورەتر دەبین. بە دڵنیاییەوە ئازادی و دیموکراسی بۆ ئەم هەرێمە دەهێنین. بە دڵنیاییەوە لەم بوارەدا سەردەکەوین. گەلی تورکیا سەردەکەوێت. حوکمڕانی فاشیست و ستەمکار بە دڵنیاییەوە لەناو دەچێت.
لێرەدا جارێکی تر دەڵێین؛ هەدەپە هیوای گەلانی تورکیایە، ئایندەی گەلانی تورکیایە. هیچ فشار و هێزێک ناتوانێت بمانترسێنێت. بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین و دەیگۆڕین. پێویستە گەلەکەمان، هەڤاڵانمان و دوژمنانمان ئەمە بزانن. هەدەپە؛ ئەم پارتەیەیە کە ئایندەیەکی دیموکراسی لە تورکیادا بنیات دەنێت. حزبێکە کە بە دڵنیاییەوە فاشیزم تێکدەشکێنێت."
ف.ق