پارتی هاوپەیمانیی چەپ لە کۆنگرەی خۆی لەم یەکشەممەیەدا بەرنامەى خۆی گۆڕی و بەرنامەیەکی پەسەند کرد، کە ئامانجی نوێ لە خۆی دەگرێت و هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەندامێتیی فینلاند لە ناتۆدا گۆڕی.
بەپێی ئەو سیاسەتە نوێیە، هاوپەیمانیی چەپ بەشداری لە ئەندامێتیی ناتۆدا ناکات. ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر هەڵوێستی ئەوە بوو، کە ڕاستەخۆ لە دژی ئەندامبوونی فینلاندایە لە ناتۆدا.
هاوکات هاوپەیمانیی چەپ لە پێشنیارێکیدا داوایکرد، ناوی پەکەکە لە لیستی "ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان"ی یەکێتیی ئەوروپادا دەربهێنرێت. ئەو بڕیارە لەلایەن دەستپێشخەریی گەنجانی چەپەوە کاری بۆ کرابوو.
هاوپەیمانیی چەپ لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٩دا ١٦ کورسیی پەرلەمانی فینلاندی بەدەستهێنابوو و بەشداریی لە پێکهێنانی حکومەتی سانا مارین دا کردووە.
ژ.ت