هەدەپە: بەرپرسیاری هێرشی سەر ناوەندی گشتیمان دەسەڵاتە

هەدەپە رایگەیاند کە دوێنێ شەو هێرش لەبەرانبەر ناوەندی گشتیان ئەنجامدراوە و بەرپرسیاری ئەوەش دەسەڵاتە کە هەموو کاتێک پارتەکەیان دەکاتە ئامانج.

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتی گەکان (هەدەپە) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە دوێنێ شەو هێرش لەدژی باڵەخانەی ناوەندی گشتی پارتەکەیان ئەنجامدراوە.

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوە دەکرێت، "دوێنێ شەو کاتژمێر ٠٠:٠٥ گروپێکی ٣ کەسی کە هەندێک لایەن رێگەیان بۆ خۆشکردووە، هێرشیان لەبەرانبەر ناوەندی گشتی پارتەکەمان ئەنجامدا. وەک ئەوەی لە دیمەنی کامێرای چاودێری دیارە، ئەو پۆلیسانەی کە بۆ پاسەوانیکردن لە باڵەخانەی ئێمە ئەرکدار کراون، رێگریان لە هێرشەکە نەکردووە و بە پێچەوانەوە هاوکاری هێرشبەرەکانیان کردووە. هێرشەکە بە ئاسانی لەژێر چاودێری پۆلیس لەدژی باڵەخانەکەمان ئەنجامدراوە و تا ئێستاش دەستگیرنەکراون. ئەمەش پیشانی دەدات کە ئامانجی هێرشەکە چییە و لەلایەن کێوە ئەنجامدراوە."

لەبارەی بەرپرسیاری هێرشەکەش هەدەپە وتی، "لەگەڵ ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ هەیە، لە رۆژی یەکەمی جەژنی رەمەزاندا ئەو هێرشەکە لەدژی سێیەمین پارتی گەورەی تورکیا ئەنجامدراوە. بەرپرسیاری ئەوەش دەسەڵاتە کە لەسەر قەیران و گێژاو دەژی و هەموو کاتێک پارتەکەمان دەکاتە ئامانج."

ف.ق