هونەرمەندان پشتیوانی خۆیان بۆ بانگەوازییەکە ڕاگەیاند

گرووپێک لە هونەرمەندان لە ناوەندی کولتووری میزۆپۆتامیا کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە ئەوانیش بەشداری بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپو دەبن.

ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شوباتدا بانگەوازییەکی مێژوویی بڵاوکردەوە و پشتیوانی لەم بانگەوازییە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندایە. پەیوەست بە بانگەوازەکەوە زۆرێک لە هونەرمەندان بە بەیاننامەیەک لە ناوەندی کولتووری میزۆپوتامیا پشتیوانی خۆیان لە بانگەوازییەکە ڕاگەیاند. بەیاننامەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازی لێکرا. دەقی کوردی بەیاننامەکە لەلایەن ساکینە ژیر و دەقی تورکی لەلایەن ئەنگین جەنگیز خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا سەرەتا سوپاسی ڕێبەر ئاپۆ کرا، کە لە نێو شەڕی وێرانکەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچە گەمارۆدراوەکەماندا، جارێکی دیکە هیوای بۆ ئاشتی هەموو گەلان هێنایەوە، هەروەها سپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانە کراوە کە کاریان بۆ ئەم پرۆسەیە نوێیە کردوو و وتراوە: "ئێمە وەک هونەرمەندان ڕایدەگەیەنین کە پشتیوانی لە بانگەوازییە مێژوویەکەی بەرێز ئۆجالان دەکەین، کە ڕێگا خۆش دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ٤٠ ساڵە و پەرەپێدانی سیاسەتی دیموکراتیک و یاسا و دادپەروەری. بە ڕێز و حورمەتەوە ئەو کەسانە بەبیر دێنینەوە کە لە ماوەی ٣٤ ساڵەی چالاکییە کولتووری و هونەرییەکانماندا رەنجیان کێشا و لەم ڕێگەدا گیانیان لەدەستداوە. هەوڵەکانی ئاشتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری دانوستانکاری گەلی کورد، کە ٢٦ ساڵە لە سیستەمی گۆشەگیری سەپێنراوی ئیمرالی ڕاگیراوە، دەرگای ژیانی بەڕووی ئەو گەلەدا کردەوە، بە بانگەوازییەکەی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک. ئەم پڕۆسە نوێیە کە لەبەردەمماندایە زیاتر لە هەموو شتێک ئەرکی گۆڕان و گۆڕانکاری دیموکراتیک دەخاتە سەر شانی ئێمەی هونەرمەندان و کەسایەتیە رۆشنبیرەکان. جارێکی تر بەبیری دەخەینەوە کە ئەرک و بەرپرسیارێتی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ئەستۆی هونەرمەنداندایە. جارێکی دیکە دەڵێین لەگەڵ بانگەوازییەکەداین و پشتگیری لێدەکەین."