کۆچییگیت: دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیری هەڵبگیرێت

گوڵستان کۆچییگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیونی دەم پارتی ڕایگەیاند: "بەڕێز ئۆجالان کاراکتەری سەرەکییە لە چارەسەری پرسی کورددا. ئەگەر سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد نیازیان چارەسەری بێت، پێویستە بە زووترین کات گۆشەگیری هەڵبگیرێت".

گوڵستان کۆچییگیت، جێگری سەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند؛ دانانی قەیوم بۆ شارەوانی ئەسەنیورت بە واتای دەستبەسەرداگرتنە و وتی: "هەم لە دژی لێکتێگەیشتنی شارە و هەم لە دژی هاوپەیمانی دیموکراتیک و هەروەها کوردبوونی ئەحمەد ئۆزەر بەتاوان دانراوە."

گوڵستان کۆچییگیت سەبارەت بە پرسی گۆشەگیری، دۆخی پەرلەمان، هێرشکردنە سەر زمان و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی ئەسەنیورت لەگەڵ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا، گوڵستان ئاماژەی بەوەدا کە لە پەرلەماندا بەڕبەڕیەتێکی زۆر هەیە و وتی: "لایەنەکانی دیکەی پەرلەمان لە بەرامبەر زۆر وتەی راست و رەواشدا، لە چوارچێوەی عەقڵیەتی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. لەم ڕۆژانەی دواییەدا هێرش دەکرێتە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. پێویستە هەمووان دژی ئەم کردەوەیە بوەستنەوە. لەبەر ئەوەی شوێنە مەدەنییەکان بۆردومان دەکرێن، ناوەند و دامەزراوە گرنگەکان بۆردومان دەکرێن. کاتێک باس لە خاکی گەلی کورد و ئازارەکانی گەلی کورد دەکرێت، دەبینین کە کەس گرنگی بە قسەکانمان نادات و لە چوارچێوەی هەڵوێست و عەقڵیەتی دەوڵەتدا لە پرسەکان نزیک دەبنەوە. ئەمەش زۆر نیگەرانمان دەکات. دەسەڵات لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان هەڵوێستێکی شەڕخوازنە نیشان دەدات.

کۆچییگیت لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هێرشەکانی سەر زمانی کوردی و وتی: "ئێمە هەر جۆرە سیاسەتێکی نکۆڵی کردن لە کولتوور، زمان و بوونی کوردی قبوڵ ناکەین. بەساڵانە هەوڵمانداوە لەوە تێبگەن کە ئێمە کوردین و خاوەن زمان، کولتوور و مێژووی جیاوازی خۆمانین، بەڵام سیاسەتی ڕەتکردنەوە و نکۆڵی کردن هێشتا بە شێوازی جیاواز بەردەوامی هەیە. وەک "زمانێکی نەناسراو" مامەڵە دەکەن. هێرش دەکرێتە سەر هەموو بەها کولتووری و زمانییەکانمان. شارەوانییەکانمان دەستگیر دەکرێن و قەیوم لە شوێنیان دادەنرێن. پەیکەری کەسایەتیە کوردەکان لابراون، کتێبخانەی ئەحمەدی خانی داخراوە، بە هەموو شێوازێک هەوڵدەدەن مێژووی گەلی کورد بسڕنەوە ئەمە لەلایەن ئێمەوە قبووڵکراو نییە. ئێمە خاوەن زمان و ناسنامەی دێرینەی خۆمانین و بەهەزاران ساڵە لەسەر ئەم خاکانە دەژین کۆنترین نەتەوەی ئەم خاکەین. ئێمە دەمانەوێت ئازادانە و پێکەوە بە یەکسانی بژین. بۆیە پێویستە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا زیاتر بە زمانی خۆمان قسە بکەین. کۆمیتەی زمان و کولتووری تایبەت بە خۆمان هەیە. پێویستە لە هەموو شوێنێک لە ژیانی ڕۆژانەدا زیاتر بە کوردی قسە بکەین و بەڕێوەی ببەین بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانی پەروەردە و لەهەموو شوێنێک بەکار بهێنرێت."

گوڵستان کۆچییگیت جێگری سەرۆک فراکسیونی دەم پارتی تیشکی خستە سەر دیدار لەگەڵ ڕێبە ئاپۆ و گۆشەگیریی سەپێندراو و ڕایگەیاند: " بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان کاراکتەری سەرەکییە لە چارەسەری پرسی کورددا، ئەمە ڕوون و ئاشکرایە. ئەگەر دەیانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکەن دەبێت به زووترین کات گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت و هەلومەرجی سەلامەتی، ئازادی و تەندروستی بۆ دابین بکرێت. کاریگەرییەکانی بەڕێز ئۆجالان لەناو کۆمەڵگادا لای هەمووان روونە. هەروەها کاریگەرییەکانی لەناو گەلانیشدا ڕوون و ئاشکرایە. بەڕێز ئۆجالان کەسێکی ئاسایی نییە. بێگومان پرۆسەکە لە ژێر گۆشەگیریدا بەڕێوە ناچێت. بەڕێز ئۆجالان ماوەی ٤٤مانگ لە گۆشەگیری ڕەهادایە و لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە بە بەدیل گیراوە دەبێت ئەو دۆخە سەپێندراوە کۆتایی بێت. بێ یاساییەکی گەورە هەیە. ئێمە دەڵێین گۆشەگیری ئەشکەنجەیە. هەروەها ئەشکەنجەش تاوانە دژی مرۆڤایەتی. ئێمە چەندین جار لە پەرلەماندا ئاماژەمان بەوەکردووە. بەڵام هیچ کەسێک دژی ئەمە ناڕەزایەتی نیشان نادات.

گوڵستان لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی ئەسەنیورت بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا و وتی: "ئاکەپە لە ساڵی٢٠١٦ـەوە لەلایەن ڕژێمی قەیومەکانەوە بەڕێوە دەچێت. سەرەتا سەرۆک شارەوانییەکانمان دەستگیرکران، دواتر دەستیان بەسەر شارەوانییەکاندا گرت. ئەمە سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئاکەپەیە. پێشتر گوتمان ئەگەر پێش لەو سیاسەتانە نەگیرێت لە سەرانسەری تورکیادا بڵاو دەبێتەوە بەڵام کەس گوێ لە دەنگمان نەگرت. لەم دواییانەدا، دەستیان بەسەر شارەوانی ئەسەنیورتدا گرت. ئەمه هێرشێکی ئاشکرایه بۆ سەر یەکگرتن و ئاشتەوایی، هەروەها هێرش کراوەتەسەر ناسنامەی ئەحمەد ئۆزەر مەسەلەی بە تاوانبارکردنی لە ئارادایە. ئەحمەد ئۆزەر پرۆفیسۆر و کەسایەتیەکی دیارە بەڵام هیچ گرنگی بەوە نادەن لەبەر ئەوەی کوردە کراوەتە ئامانج و بە بیانووی هەڵبەستراو و چەواشەکارانە دەستگیرکراوە."