خۆپیشاندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ ڕاوەستان بەردەوامە

سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران خۆپیشاندانی ئیدانەکردن لە دەیان شاردا بەردەوامە.

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکییەکانی ئیدانەکردن بەبێ ڕاوەستان بەردەوامن.

لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەنجان بە کۆکتێل مۆلۆتۆڤ دامەزراوەکانی پڕوپاگەندەی دەوڵەتیان سوتاند.

لە سەقز گروپێک لە گەنجان سەردانی خانەوادەی خوێندکار میلاد عبادی-یان کرد، کە دەستگیرکراوە و پشتگیرییان لە بنەماڵەی عیبادی کرد.

دەوڵەت هێزە چەکدارەکانی لە شاری جوانرۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاد کردووە. تا درەنگانی شەو ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بە شارەکەدا دەسوڕانەوە و لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا دەیان کەسیان دەستگیرکرد.

هونەرمەند ئیلهام مودەڕسی خەڵکی سنە لە زیندانی کەچوئیی کەرەج لە نزیک تارانی پایتەختی ئێران دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

لەلایەکی ترەوە نوسەری کورد موژگان کاوسی، کە ماوەی ١٠٤ ڕۆژ دیلکرابوو، بەکەفالەتی ٣ ملیار تمەن ئازاد کراوە.

چالاکوان مەهدی ئەشکیزەری لە کاتی دەستگیرکردندا بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درا. ئەشکیزەری ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە زینداندا بوو و ڕۆژی یەکشەممە کۆچی دوایی کرد. هاوکات شوێنەواری ئەشکەنجەی سەر جەستەی ئەشکیزەری لە میدیای دیجیتاڵ بڵاو کرایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا ٥١٦ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون و ١٩ هەزار و ٢٠٤ کەسیش دەستگیرکراون.

ڕۆژی ٣ی کانوونی دووەم دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ ٢ کەسی بەشداربوو لە خۆپیشاندانەکان دەرکرد. هەروەها دادگاکە بڕیاریدا دووبارە پیاداچوونەوە بە دۆسیەی سێ کەسی تردا بکات.

بەپێی زانیارییەکانی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هرانا) لە نێوان ١٦ی ئەیلول و ٢ی کانوونی دووەمدا بەلایەنی کەمەوە ٥١٦ کەس کوژراون، کە ٧٠ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە. ڕاشگەیاندووە، ١٩ هەزار و ٢٠٤ کەسیش دەستگیرکراون.

بەپێی زانیارییەکانی هرانا چالاکییەکانی ئیدانەکردن بە ١٦١ شاردا بڵاوبووەتەوە. بەپێی سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئامارەکان زۆر لەوانە زیاترن و بە وتەی هەندێک لایەن، بەلایەنی کەمەوە ٧٥٠ کەس کوژراون و ماڵپەڕێکیش ناسنامەی ٦٠١ کەسی کوژراوی بڵاوکردوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی ٢٧ی کانوونی یەکەمەوە بەلایەنی کەمەوە ٤٧٦ چالاکوان کوژراون، کە ٦٤ کەس لەو کوژرانە منداڵ بوون و ٣٤ کەسی تریشیان ژن بوو. ئەوەشی خستەڕوو، کە مەترسی لەسێدارەدان لەسەر ١٠٠ چالاکوان هەیە.

فەرماندەییەکی سوپای پاسداران کوژرا

ڕۆژی سێشەممە لە تاران قاسم فەتحوڵایی فەرماندەی ناوەندی بەسیج، کە ئامڕازێکی سەربازیی میلیشیایی پاسدارانە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا کوژرا. بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، فەتحوڵایی بە چوار فیشەک کوژراوە.

ئیبراهیم ڕەیسی سەرۆکی ئێرانیش لە سێیەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانیدا ڕایگەیاند، تۆڵەی سلێمانی دەکەنەوە.

ژ.ت