خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامن
ڕاپەڕینی گەل بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بووەتە شۆڕشی ژنان لە دژی هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
ڕاپەڕینی گەل بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بووەتە شۆڕشی ژنان لە دژی هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
ڕاپەڕینی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە هەفتەی حەوتەمیدایە و سەرەڕای هەموو هێرشەکانی پاسدار و بەسیجەکانی دەوڵەتی ئێران، خۆپیشاندانەکان گەیشتوونەتە لوتکە و بەردەوامن.
بە پلەی یەکەم لە شارەکانی سنە، مەهاباد، بۆکان، میاندواو، پیرانشار، مەریوان، سەقز، کرماشان و چەندین شار و ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە شارەکانی ئێران ژنان و گەنجان لەسەر شەقامەکان بوون.
لە کرماشانیش یادی مینو مەجیدی کرایەوە، کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژرابوو. لە مەراسیمی یادکردەکەدا بە بەردەوامی دروشمەکانی 'شەهید نامرێ'، 'بمرێ داگیرکەر' و 'ژن، ژیان، ئازادی' دەوترانەوە.
هەروەها گەنجان و ژنان ڕژانە سەر شەقامەکانی سنە، مەریوان، سەقز، مەهاباد، پیرانشار، میاندواو و بۆکان و دروشمیان دژی دەوڵەتی ئێران دەوتەوە.
خوێندکاران لە زانکۆی کوردستان لە سنە کۆبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی. هێزەکانی دەوڵەتیش دەیانویست بە گازی فرمێسک ڕێژ و گولـلە بڵاوە بە خوێندکاران بکەن.
هەروەها خوێندکاران لە زانکۆی پەیام نور لە شاری مەریوان ناڕەزایەتیان دەربڕی و دروشمەکانی 'ژن، ژیان، ئازادی' و 'بمرێ دیکتاتۆر'یان دەوتەوە.
لەتارانیش خوێندکاران ناڕەزایی خۆیان دەربڕی. بەتایبەتی کۆلێژی تەکنیکی زانکۆی تاران و کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی عەلامە و هەروەها زانکۆی ئەلبورز، زانکۆی ئازادی مەشهەد، زانکۆی نەوشیروانی بابول، زانکۆی ئەراک و زانکۆی ئەهواز و چەندین زانکۆ و پەیمانگای دیکە لە ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان تیادا بەڕێوەچوو.
دوێنی شەو هاوڵاتیان لە زۆرێک لە ناوەندەکانی ئێران و سەر شەقامەکان دا دەستیان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کرد و ئاگریان کردەوە و بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان.
ئەو گەنجەی لە خۆپیشاندانەکانی شاری ئەراک دا کوژرا بەخاک سپێردرا. لەکاتی مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەدا، هێزەکانی دەوڵەت هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن.
حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، فەرمانی پاکتاوکردن و سەرکوتکردن و نەهێشتنی خۆپیشاندانەکانی دا و وتی: "ئەمڕۆ کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان دەهێنین".
بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا بەلانیکەمەوە ٢٥٣ کەس کوژراون، کە ٣٤ کەسیان منداڵن.
ژ.ت