تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی، ڕاپۆرتێکی ئاماریی لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری بۆ سەر باشووری کوردستان لە مانگی ئاداردا، بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، ١١٨ هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە ٥٥ هێرشیان لە پارێزگای هەولێر، ٥١ لە پارێزگای دهۆک، ١٢ هێرشیش لە پارێزگای سلێمانی ئەنجام دراوە. سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی تی ئێن تی، لە مانگی ئاداردا پێنج ئەشکەوتی سرووشتی تەقاندووەتەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢ـی نیسان، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل، ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە مانگی ئادار بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە لە مانگی ئاداردا دەوڵەتی داگیرکەری تورک ١١ هەزار و ٥٨٥ جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای کردووە.
جێگای ئاماژەیە، ئامارەکەی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی تەنها ژمارەی هێرشەکان هەژمار کراوە لە کاتێکدا دەکرێت لە یەک هێرشدا دەیان جار بۆردوومان کرابێت، بەڵام ئامارەکەی هەپەگە ژمارەی بۆردوومان و تۆپبارانەکان هەژمار کراوە.