کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان: کۆمەڵکوژی پاریس درێژکراوەی پاکتاوکردنی کوردانە

کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان لەبارەی کۆمەڵکوژی پاریسەوە لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە کە دەبێت گەلی کورد بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و شکست بە دوژمنی دڕندە بهێنن.

کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی پاریسەوە راگەیەندراوی دا و دەستنیشانی کرد کە کۆمەڵکوژیەکەی پاریس درێژکراوەی پاکتاوکردنی کوردانە.

راگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان بەم جۆرەیە:

"گەلە قارەمان و خۆڕاگرەکەمان! ئەوە سەدان ساڵە دوژمنی باوک و باپیرانمان، بە بەر چاوی جیهانەوە کۆمەڵکوژی لە دژی ئێمە ئەنجام دەدەن. دەزانین کە دەوڵەتی تورکی دڕندە دەیەوێت فەرمان بەسەر گەلی کورددا جێبەجێ بکات. لەبەر ئەوەش لە رۆژئاوا، باشور، باکور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکەمان هەموو جۆرە قڕکردنێک بەسەر گەلەکەماندا دەهێنێت. هێرشەکان بە چەکی کیمیایی، کۆمەڵکوژی منداڵ و ژنان، زیندانیکردنی سیاسەتمەداران وئەشکەنجەی بێکۆتایی بەردەوامە. بە ئاشکرا بە ئێمەی کورد دەڵێن ئێوە بچنە هەر کوێیەک ئێمە دەتانکوژین. کۆمەڵکوژییەکەی پاریس درێژکراوەی پاکتاوکردنی کوردانە. بەر لە دە ساڵ لە پایتەختی فەرەنسا سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد تیرۆر کران، بەڵام ئەوروپا بێدەنگ بوو. ئێستا جارێکیتر کۆمەڵکوژی دژوارتر ئەنجامدراوە.

وەک گەلی کورد لەسەرمان فەرزە کە زۆمان بپارێزین و تێبکۆشین. بە هەموو هێزمانەوە بەرامبەر ئەو پاکتاوکاریانەی خۆڕاگری بکەین و درێژە بە تێکۆشان بدەین.

دەبێت ئێمە هەموو کورد بۆ ئازادی وڵات و گەلەکەمان هەڵسینە سەر پێ و تێکۆشان پەرەپێبدەین. کات کاتی تێکۆشان و یەکگرتنە. ئێمە لە دژی قڕکردن سەردەکەوین. دوژمنی گەلەکەمان بێ نرخ و رووڕەش بووە. گەر ئێمە هەموومان پێکەوە تێبکۆشین، لەناوچوونیان نزیک بووە.

دەبێت هەموومان بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین و شکست بە نەیارانمان بهێنین. بژی تێکۆشانی گەلەکەمان".

هـ . ب