کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا

ئەمڕۆ لە برۆکسل یەکەمین کۆبوونەوەی کۆنسەی بەرێوەبەریی کەنەکە بەرێوەچوو و تێیدا، جێگرانی هاوسەرۆکان و بەڕێوەبەرانی کۆمسیۆنەکان هڵبژێردران و دۆخی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

ئەمڕۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، بە بەشداری هاوسەرۆکان و سەرجەم ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەریی نوێی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە، یەکەمین کۆبوونەوەی کۆنسەکە بەرێوەچوو. بەشێک لە ئەندامانی کۆنسە لە وڵات کە دەرفەتی ئامادەبوونی راستەوخۆی کۆبوونەوەکەیان نەببوو لە برۆکسل، بە ڕێگای ڤیدۆ و ئۆنلاینەوە بەشداربوون.

کۆبوونەوەکە کە لە بارەگای سەرەکی کەنەکە رێکخرابوو، بە خولەکێک رێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد و تێیدا بارودۆخی هەرچوار بەشی کوردستان و ناوچەکە و جیهان، مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم گەلی کوردستان و دۆزەکەی و رێبازەکانی تێکۆشان بەرامبەریان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەرچواربەشی کوردستان، باسوخواستیان لەسەر کرا. پەیوەست بەوەش کاروخەباتی کەنەکە و ئەرکی پارت و لایەنەکان و چین و توێژکانی، گەل گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
هاوکات، بابەتەکانی وەک، هێڕش و داگیرکاری تورکیا، سەهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دۆخی باشوری وڵات و ئێراق، گۆشەگیری ئیمرالی و دۆخی زیندانیانی سیاسیی کورد و کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و کوردانی دیاسپۆرا، تاوتوێ کران.
بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ هەڵبژاردنی جێگرانی هاوسەرۆکان و بەڕێوەبەرانی کۆمسیۆنەکان.بەزۆرینەی دەنگ هەریەکە لە فاروق جەمیل، وەزیری پێشووتری دادی هەرێمی کوردستان و هێڤی موستەفا، هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین بەجێگرانی هاوسەرۆکانی کەنەکە هەڵبژێردران کە هاوکات ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکەشن.

ڕۆژی هەینی رێککەوتی 2ی 12ی ساڵی 2022 لە شاری  ڤێن لوی شانشینی هۆڵەندا، ٢١مین کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی کەنەکە بە بەشداری سەدان ئەندام و دەیان میوانی کورد و بیانی ئەنجامدرا بوو و وێرای تاوتوێکردنی دۆخی کوردستان و ناوچەکە، هاوسەرۆکان و ئەندامان و کۆنسەی بەرێوەبەرییش هەڵبژێردرابوون. کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کۆنسەکە، لە دوای بەستنی 21مین جڤاتی گشتییەوە، یەکەمینە ئەنجامی دەدات.

هـ.هـ