لە باسل یادی ئایسەڵ دۆغان کرایەوە

سیاسەتمەداری کورد ئایسەڵ دۆغان لە ١١ی ئایار بەهۆی شێرپەنجەوە شەهید بوو و لە سویسرا بە رێکخستنی مەراسیمێک یادی بەرز ڕاگیرا.

لە شاری باسلی سویسرا لە لایەن بنەماڵەی شەهیدان لە سویسرا (کۆماو) و یەکێتیی ژنانی کورد لە سویسرا (یەژەکە-س) لە ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد مەراسیمێکی یادکردنەوە بۆ ئایسەڵ دۆغان بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا یادی سالس جزیر (حەسەن بۆزکور)، کە لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک و حسێن ئاکداغ (سەلمان بۆزکور) و فەرهاد شبلی،  کە لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا لە هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک لە کەلار شەهید بوون، کرایەوە.

یادەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی تێکۆشانی کوردستان لە کەسایەتیی ئایسەڵ دۆغان دا دەستیپێکرد. لە سەرەتای یادکردنەوەکەدا، سەلما سورەر هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی کورد لە سویسرا مافی قسەکردنی وەرگرت و باسی لەوە کرد، ناسینی  ئایسەڵ دۆغان بۆ "شۆڕشی ژنان" مایەی شانازی و شکۆیە.

محەمەد گۆک سونگور بە ناوی کۆماوەوە ڕایگەیاند، ئایسەڵ دۆغان کاتێک وەک گروپی ئاشتی گەڕایەوە بۆ تورکیا و لە زیندانی گەبزە دەستبەسەرکرابوو ناسی بوو وتی: ئایسەڵ دۆغان کەسایەتییەکی خۆڕاگر بوو و هەمیشە لە هەموو بارودۆخێکدا بەرخۆدانی دەکرد و سەری بۆ دەوڵەت دانەنەواند.

هەڤاڵانی ئەیسێل دۆغانیش، کە شایەتحاڵی ژیانی بوون، مافی قسەکردنیان وەرگرت و یەک بە یەک باسیان لە یادەوەرییەکانی خۆیان کرد.

زۆزان سەرحەد چالاکوانی یەژەشە - ئە وتی: "ئەو گەنجانەی لەلایەن ئایسەڵ دۆغانەوە پەروەردە کراون، ئەمڕۆ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک خۆڕاگری و بەرەنگاری دەکەن. دیسان ئەوانەی لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا گیانیان بەخشی لەلایەن ئایسەڵ دۆغانەوە پەروەردە و ڕاهێنانیان پێکرابوو".

سەرحەد باسی لەوەکرد، تەنانەت دوای شەهیدبوونی دۆغان، دەوڵەت بەردەوام بوو لە دوژمنایەتیکردنی و ئاماژەی بەو ئاستەنگ و هێرشانە کرد، کە لە کاتی بەخاکسپاردنەکەیدا روویدا و وتی، "دەوڵەت بەهۆی هەڵوێستی بوێرانە و راپەڕیوانەى، کە سەری دانەنەواند، لە تەرمەکەشی دەترسا".

لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکەدا، سەیری سینەفیزیۆنێکیش کرا. لە کۆتایی دا پەیامی گەریلاکانی زاپ لە سەنگەری بەرەنگاری و بەرخودان لەبارەی ئایسەڵ دۆغان و پەیامی فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەلی موراد قەرەیلان بۆ ئامادەبوان نمایش کرا.

یادەکە بە وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێ" کۆتایی پێهات.

ژ.ت