لە کەنەدا کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەستیپێکرد

لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر"دا، بە پێشەنگایەتیی کۆمۆنی ژنانی ئازادی سارا و ئەنجوومەنی دیموکراتیکی گەلی کورد لە تۆرۆنتۆ، چالاکییەک ڕێکخرا.

چالاکییەکە ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر ١٤:٠٠ بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکەدا ئاماژە بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا.

چالاکییەکە وەک بەشێک لە کەمپەینی جیهانی بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان"دا ڕێکخرابوو.

کۆمۆنی ژنانی ئازادی سارا و ئەنجوومەنی دیموکراتیکی گەلی کورد لە تۆرنتۆ لە ڕێگەی ئەو چالاکییەوە لە کەنەدا دەستیان بە  کەمپەینی واژۆ کۆرکردنەوە کرد.

چالاکوانان بە قەرەباڵغترین شەقامەکانی شارەکەدا تێپەڕین و بە دەم وتنەوەی دروشمەوە بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

چالاکوانان لە ناوچەی بلۆرەوە بەرەو بینای شارەوانیی تۆرۆنتۆ بەڕێکەوتن و لەوێ بۆ ماوەیەکی زۆر گۆڤەند و هەڵپەڕکێیان کرد و دروشمیان دەوتەوە.

بە زمانی ئینگلیزی راگەیاندراوێک خوێندرایەوە و تیایدا گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرا و رایگەیاند: "پێویستە دەوڵەتی فاشیست دەستبەجێ کۆتایی بەم تاوانە بهێنرێت". لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە گرنگیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ داهاتووی کورد کرا.

لە چالاکییەکەدا یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و سلۆپی کرایەوە و ڕاگەیەندرا، تاوەکو بکوژان سزا نەدرێن درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین.

چالاکوانان داوایان کرد، بۆ ئەوەى کۆتایی بە زوڵم و ستەم لەسەر گەلی کورد بهێنرێت، دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت و ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا دەربهێنرێت. بۆ ئەو مەبەستەش داوای تێکۆشانێکی بێ راوەستان و نەسروتوانە کرا.

لە چالاکییەکەدا سەدان راگەیاندراو بە زمانی ئینگلیزی بۆ ئاگادارکردنەوەی رای گشتی دابەشکران.

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادکردنەوە و وتنەوەی سرودی چەرخا شۆڕشێ کۆتایی پێهات.

ژ.ت