لە ستۆکهۆڵم بۆ زیندانیانی سیاسی چالاکیی چادرهەڵدان بەڕێوەچوو

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بە پێشەنگایەتیی پەژاک و کەژار بۆ پشتیوانیکردن لە زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران  چالاکیی چادرهەڵدان بەڕێوەچوو.

 

لە گۆڕەپانی مینتۆرجێتی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی بە پێشەنگایەتیی پەژاک و کەژار بۆ پشتیوانیکردن لە زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا، چالاکیی چادرهەڵدان بەڕێوەچوو. چالاکییەکە لە کاتژمێر١٣:٠٠ بۆ ١٥:٠٠ بەردەوام بوو.

لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا و بۆ سەرنج ڕاکێشانە سەر گوشار و پێشێلکاریی سەر زیندانیانی سیاسی بڵاوکراوە بەسەر هاووڵاتییاندا  دابەشکران. لە چالاکییەکەدا دروشمەکانی " بکوژ ئێران" و "ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی" وترانەوە.

 

"ماوەیەکی زۆرە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە زەینەب جەلالیان نییە"

چالاکوانانی بەشداربووی چالاکییەکە بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد و چالاکوان غەفور محەمەدی رایگەیاند، بۆ نەهێشتنی گوشارەکانی سەر زیندانیانی سیاسی پێویستە ڕای گشتی بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوت بکات و راشیگەیاند: "ئێمە داوا لەو وڵاتانە دەکەین، کە گوایە باسی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، ئێوە ئەمڕۆ پێشوازی لە ئیبراهیم ڕەیسی وەک سەرۆک کۆماری ئێران دەکەن، کە دەستی ئەو کەسە بە خوێنی گەلی کورد و زۆرینەى نەتەوەکانی ئێران سورە. بۆچی لە بەر بەرژەوەندیی خۆتان کردارە دڕندانە و نامرۆڤەکانیان و دوژمنایەتیکردنیان بۆ دیموکراسی و ئازادی نابینن؟ بەتایبەتی زیندانیی سیاسی زەینەب جەلالیان، ماوەیەکە کەس نازانێت چیی بەسەر هاتووە. پێویستە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە و کارە دژە مرۆیانەی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە بێدەنگ نەبن و دەستبەجێ دەستبەکار بن".

"دەبێت ئێمە ببین بە دەنگی زیندانیانی سیاسی"

شاناز ئەلیاسی یەکێکی تر لە چالاکوانەکان وتی، لە هەموو شوێنێک و گۆڕەپانەکاندا دەبن بە دەنگی زیندانیانی سیاسی و وتیشی: "سەرەتا سڵاو لە بەرخۆدانی زەینەب جەلالیان و هەموو زیندانیانی سیاسی دەکەم. ئێمە ڕۆحی بەرخۆدانی خۆمان لە ڕۆحی زیندانیانی ئامەد  وەردەگرین".

شەهین پویا ژنێکی چالاکوانی چەپە و لە چالاکییەکەدا داوایکرد، هەموان پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی بکەن.

ژ.ت