لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی و ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرباری سەرما و گوشارەکانیش چالاکییە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن.

دوێنێ، كە هاوكات بوو لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان، چالاکییەکانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە شێوەیەکی جەماوەری بەردەوام بوون.

لە سەردەشت و مهاباد، ژمارەیەك لە گەنجانی ئاپۆیی بە گردبوونەوە، وێڕای بەرز ڕاگرتنی ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان، جەختیان لە درێژەدان بە ئامانجەكانی كۆمار و هەروەها سەرخستنی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” كردەوە.

لەسەر ئاستی ئێرانیش بە شێوەی نووسینی دروشم، هەڵواسینی پلاكارد لە شوێنە گشتییەكان و چەندین شێوازی دیكە ناڕەزایەتییەكان بەردەوام بوون.

هاوكات لە تاران، ژمارەیەك لە كەمئەندامان لە دژی لابردنی بودجەی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان گردبوونەوەیان ئەنجامدا و ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە حكومەتی ئیبراهیمی ڕەئیسی نیشاندا.

لە لایەكی دیكەوە لە دەرەوەی ئێرانیش، لە شارەكانی پاریسی فەڕەنسا، گلاسكۆی سكۆتلەندا و بروكسەلی پایتەختی بەلجیكا، ژمارەیەك لە چالاكوانانی ڕۆژهەڵات و ئێران گردبوونەوەیان سازكرد و داوایان لە وڵاتانی ئەوروپی كرد، سوپای پاسداران بە فەرمی وەك تیرۆریست بناسێنن، هەر بۆ هەمان مەبەست لەشاری تۆرێنتۆی كەنەدا، ژمارەیك لە چالاكوانانی كورد و ئێران، كاروانێكی ئۆتۆمبێلیان ڕێكخست و بە ناو شارەكەدا گەڕان و چەندین دروشمیان دژی سوپای پاسداران و دەسەڵاتی ئێران بەرزكردەوە.

هەروەها  كۆلێكتیڤی “ژن، ژیان، ئازادی” لە بانگەوازێكدا ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢٨ی كانونی دووەم لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و بەمەبەستی پشتیوانی و پاراستنی دەستكەوتەكانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ڕێپێوانێك ساز دەكەن.

چالاكییەكە كاتژمێر ١٣:٠٠ بە گردبوونەوەیەك لە بەردەم كەناڵی بی بی سی دەستپێدەكات و دواتر ڕێپێوانێك ئەنجام دەدرێت و تا كاتژمێر ١٦:٠٠ بەردەوام دەبێت.