لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەرباری گوشارەکان بەرخودان بەردەوامە

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەم گوشار و زۆرداری دەوڵەت و هەمیش بەرخودان لە دژی ئەوە بەردەوامن.

شەپۆلی گرتن و دەستگیرکردنی چالاکوانانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. سەرباری گوشار و گرتنیش گەل بە شێوەیەکی جەماوەری و توڕەیی و بێزارییەکی زۆرەوە درێژە بە چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی دەدات.

لە شاری مەریوان چالاکوانانی ژن کۆبوونەوە و بە بەرزکردنەوەی دروشم لە دژی حکومەت پەیامی 'ژن ژیان ئازادی'یان راگەیاند.

هاوكات لە شاری جوانڕۆش، كە ماوەی نزیكەی هەفتەیەكە كەشێكی توندی سەربازی سەپێندراوە، هەڵكوتانە سەرماڵان و گرتنی چالاكوانان بەردەوامە و ناوی چەند كەسێك بڵاوكراوەتەوە، كە لەو هەڵمەتانەدا دەستبەسەركراون و لە شەقام و شوێنەگشتیەكانی شارەكەشدا هێزێكی زۆر بڵاوەی پێكراوە.

بە هەمان شێوە لە شاری سەمیرۆمی ئەسفەهانیش كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوەچوو، هێزێكی زۆری سەربازی جێگیركراوە و هەڵمەتی گرتنی چالاكوانان بەردەوامە.

لەلایەكی ترەوە لە زیندانی كەچوویی شاری كەرەج  ١٥ ژنە چالاكوان، كە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا دەستگیركراون لە دژی بەردەوامی دەستبەسەركردنیان و مامەڵەی هێزەكانی دەوڵەت دەستیان بە مانگرتن كردووە.

بەئەشکەنجە کوژراون

هاوكات هەر سەبارەت بە خراپی مامەڵەی هێزەكانی دەوڵەت لەگەڵ دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكان، لیژنەی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەو دەستبەسەركراوانە بڵاویكردەوە كە لەسەرەتای دەستپێكردنی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”یەوە تا ئێستا لانیكەم ١٦ چالاكوان لە كاتی دەستبەسەركردن و لە ئەنجامی ئەشكەنجە یان چارەسەرنەكردنی برینەكانیان، گیانیان لەدەستداوە.

لە راپۆرتەکەدا ناسنامەی ١٦ کەس کە بە ئەشکەنجە دەستگیرکراون ئاماژەی پێدراوە. بە گوێرەی راپۆرتەکە: رامین فاتحی، یوسف رەئیسی، محەمەد لوتفوڵاهی، حامید سەلەحشور، شادمان ئەحمەدی، شەهریار عادلی، ئەحمەد گودەرزی، ئەمیر جەواد ئەسەدزادە، هێمن ئامان، ئیسماعیل دزاوەر، ئومێد حەسەنی، محەمەد حاجی رەسوڵپور، ئیلیاد رەحمانیپور، میلاد خۆشکەلام، سامان قادرپور و مەهدی ئەشکەزەری کە بە هۆی ئەشکەنجە لە کاتی دەستبەرسەرکردن یان چارەسەرنەکردنی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەکی ترەوە عەلی خامنەیی، ڕابەری كۆماری ئیسلامی لە كۆبوونەوەیەكدا لە گەڵ ژمارەیەك لە ژنانی لایەنگری دەسەڵاتەكەی ڕایگەیاند، پرسی حیجابی ئیسلامی پێویستییەكی شەرعییە و هیچ پاشەكشێیەكی لێناكەن.

هـ . ب