لە ئەسینا لە دژی کۆمەڵکوژی پاریس و هێرشە کیمیاییەکان چالاکی ئەنجامدرا

بزوتنەوەی گەنجانی کورد تەجەشە لە ئەسینای پایەتختی یۆنان بە ئامانجی شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژی پاریس کە لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا ئەنجامدرا و هەروەها هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەریلاکانی کوردستان، چالاکیان ئەنجامدا.

ئەندامانی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) چوونە کەناڵی کۆنترا تی ڤی لە ئەسینا و داوای هەڵوێست و هەستیارییان کرد.

گەنجان دۆسیەیەک کە تیایدا راگەیەندراوی کەنەکە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورک لە دژی گەریلا و کۆمەڵکوژی پاریس و ئەو راپۆرتانەی کە ناوەندی کولتوری کورد لە فەرەنسا و ناوەندی کولتوری کورد لە یۆنان ئامادەیان کردبوو، پێشکەش بە بەرپرسانی کەناڵەکەیان کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوی تەجەشە ئەو دۆسیە دەخرێتە بەرنامەی تەلەڤزیۆنەوە و دەرفەت دەدرێت کە نوێنەرانی کورد رای خۆیان دەرببڕن.

لە چالاکییەکەدا کە نزیکە نیو کاتژمێر لەدەرەوەی بیناکە بەردەوام بوو ئەو بڵاوکراوانەی لەلایەن کۆنگەرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)وە ئامادەکرابوون، دابەش کران.

هـ . ب