لە ئیستەنبول چالاکی بۆ لەیلا گیوڤەن ئەنجامدرا

رێکخستنەکانی هەدەپە لە ناوچەى سوڵتان گازیی ئیستەنبول چالاکییەکیان بۆ ئیدانەکردنی دیلکردنی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە رێکخست.

لە بەردەم بارەگای هەدەپە لە ناوچەى سوڵتان گازیی ئیستەنبول لە کاتی خوێندنەوەى راگەیاندراوەکەیاندا پۆستەرێکیان بەرزکردەوە، کە لەسەری نووسرابوو "زیندانیانی سیاسی شکۆمانن".

لە چالاکییەکەدا یەک لەسەر یەک دروشمەکانی "لەیلا گیوڤەن شکۆمانە" و "زیندانیانی سیاسی شکۆمانن" دەوترانەوە. بێریڤان زادسان هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپە لە ناوچەى سوڵتان گازیی ئیستەنبول وتەیەکی پێشکەشکرد.

زادسان وتی، "لەیلا گیوڤەن هەموو ژیانی خۆی بە سەختی و ناڕەحەتی و دژواریدا تێپەڕاندووە. چەندینجار زیندانیکراوە. دوایینجاریش لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا بۆ ماوەى ٢٠٠ رۆژ لە چالاکیی مانگرتنی بێسنووردا بەرخودانی کرد".

زادسان وتیشی، "لەیلا گیوڤەن ژنێکە، کە تێکۆشان دەکات، وەک سیاسەتمەدارێکی کورد کرایە ئامانج. ئەو هەموو هێرشانە بۆ ئەوە دەکرێنە سەری، کە لە بەهاکان و بەرخودانی دووربخەنەوە، بەڵام نە لەیلا دەستبەرداریان دەبێت و نە تێکۆشانەکەى ئێمەش رادەوەستێت".  

زادسان کاردانەوەى لە دژی ئازاد نەکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پیشووی هەدەپە نیشاندا و رایگەیاند، سەرباری بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش دەمیرتاش ئازاد ناکەن و داوای کرد دەستبەجێ دەمیرتاش ئازاد بکرێت.

چالاکییەکە بە چەپڵەلێدان و وتنەوەى دروشم کۆتایی پێهات.

ژ.ت