لایەنە هاوبەشەکانی هەر دوو بکوژی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس

تەنانەت ئەگەر شێواز و میتۆدەکانیشیان جیاواز بێت، بەڵام زۆر لایەنی هاوبەش لە نێوان ویلیام مالت و عومەر گونەی بکوژانی هەر دوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس دا هەیە.

تەنانەت ئەگەر شێواز و میتۆدەکانیشیان جیاواز بێت، بەڵام زۆر لایەنی هاوبەش لە نێوان ویلیام مالت و عومەر گونەی بکوژانی هەر دوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس دا هەیە.

لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا شۆڕشگێڕانی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کۆمەڵکوژکران. لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ دوای ١٠ ساڵ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە دژی کورد ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، هونەرمەند میر پەروەر و وڵاتپارێزی کورد عەبدوڕەحمان قزل کۆمەڵکوژکران.

دووەمین کۆمەڵکوژیش وەک یەکەم لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)ەوە ئەنجامدرا. کۆمەڵکوژیی یەکەم لەلایەن تەقەکەری میت عومەر گونەی لە نوسینگەی زانیاری کوردستان لە نزیک گارێ دی نۆرد لە پاریس ئەنجامدرا. کۆمەڵکوژیی دووەم لەلایەن ویلیام مالت لە بەردەم ناوەندی ڕۆشنبیریی کورد لە گەڕەکی ستراسبۆرگ سەینت دێنیس ئەنجامدرا.

ئەو دوو بکوژە یەکێکیان فەرەنسی و ئەوی تریان تورکە، بەڵام لە تایبەتمەندییەکانیاندا زۆر لەیەک دەچن. لایەنە هاوبەشەکانی ئەو دوو بکوژەکە ئەمانەن:

ئەوان نەیاندەویست ڕابکەن

ولیام مالت ڕۆژی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کاتژمێر ١١:4٠ لەبەردەم ناوەندی ڕۆشنبیریی کورد ئەحمەد کایا، ئەڤین گۆیی و میر پەروەر و عەبدوڕەحمان قزلی شەهید کرد. پاشان تەقەی لە چێشتخانەی ئاڤێستا لەبەردەم کۆمەڵەی کوردی دا کرد و دواتر چووە ناو هۆڵی سەرتاشخانەی مونزوری کورد. لەوێش تەقەی کرد و کاتێک مەغزەنەکەی تەواو بوو لەلایەن موشتەرییەکانی ناو هۆڵەکەوە چەک کرا و ڕادەستی پۆلیس کرا.

مالت بە قتویەکی ٢٥ فیشەکی و مەغزەنێکی پڕ و دەمانچەیەکی مارکی ساڵی ١٩١١ دەستگیرکرا، سەرەڕای ئەوەی دوای کۆمەڵکوژییەکە دەیتوانی ڕابکات، بەڵام ڕای نەکرد. بەهەمان شێوەش عومەر گونەی دوای کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم دەیتوانی ڕابکات، بەڵام ڕاینەکرد. گونەی چەند ڕۆژێک دوای ٩ی کانوونی دووەم وەک مالت لەلایەن کوردەوە دەستگیرکرا و ڕادەستی پۆلیس کرا.

هەردووکیان ڕەگەزپەرست و بکوژی پرۆفیشناڵ و شاڕەزا بوون

بکوژ مالت لە لێدوانە سەرەتاییەکەیدا ڕایگەیاند، نەژادپەرستە و لە گەلی کورد بێزارە. گونەی بکوژیش لە ناوچەیەکی ئەڵمانیا نیشتەجێ بوو، کە بە شوێنی ڕەگەزپەرستەکانی تورک دەناسرێت.

خاوەنی ئەو ماڵە، کە گونەی تیایدا دەژیا، دوای کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و لەبارەی تایبەتمەندییەکانی گونەیەوە وتی: "چەندین جار پێی دەوتم: 'من تورکمانی عوسمانیم'. نەتەوەپەرەست بوو، حەزی لە کورد نەبوو".

بکوژ گونەی تەمەنی ٣٢ ساڵ بوو و مالیتیش تەمەنی ٦٩ ساڵ بوو. سەرەڕای ئەم جیاوازییە لە تەمەنیاندا، هەردووکیان بکوژی پرۆفیشناڵ و شارەزا بوون. ئەو فیشەکانەی لە چەکەکەی گونەی بکوژەوە تەقێنران، هیچیان لە بۆشییان نەدا. هەموویان بەر جەستەی ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کەوتن.

بە هەمان شێوە، فیشەکەکانی مالتی بکوژ ، سەرەرای تەمەنە زۆرەکەی لە ئامانجەکانی دا. حەوت فیشەک لە چەکەکەی مالت تەقیون. دوو فیشەکیان بەر ئەڤین گۆیی، یەکێکیان بەر میر پەروەر و یەکێکی دیکەیان بەر عەبدوڕەحمان کزل و سێی فیشەکەی تریش لە هۆڵی سەرتاشخانەکە بەر ئەو کەسانە کەوتن، کە لەوێ بوون و برینداربوون. لە کۆمەڵکوژیی یەکەمدا ساکینە جانسز، لە کۆمەڵکوژیی دووەم دا  ئەڤین گۆیی تیرۆر کرا، کە یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی تێکۆشانی ژنان. دوای تەقاندنی یەکەم فیشەک ئەڤین گۆیی کەوتە سەر زەوی و بریندار بوو، بەڵام مالت لەنزیکەوە فیشەکی دووەمی پێوەنا و شەهیدی کرد. ئەوەش نیشانی دەدات، کە دەوڵەتی تورک 'بڕیاری تیرۆرکردنی' ئەو شۆڕشگێڕە کوردەی داوە.

لە هۆڵی ڕاهێنانی تەقەکردندا ڕاهێنانی تەقەکردنیان پێکرابوو

جیراڵد دارمانین وەزیری ناوخۆ لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی ٢٣ی کانوونی یەکەم لێدوانێکی دا و زانیاریی سەرنجڕاکێشی لەبارەی بکوژ مالت-ەوە پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: بە بەردەوامی چووە بۆ هۆڵی ڕاهێنانی تەقەکردن بە چەک، کە شوێنەەکە یانەیەکی وەرزشی بووە و هەمیشە خۆی فێری تەقەکردن بە چەک دەکرد. بەهەمان شێوە عومەر گونەی لە ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا ئەندامی یانەیەکی تەقەکردن بە چەک بووە و بۆ ماوەیەک لەوێ ڕاهێنانی تەقەکردن بە چەکی کردبوو.

پێشینەی هەردوو بکوژەکە

لە پێشینەی هەر دوو بکوژەکەدا زانیاریی گرنگی سەرنجڕاکێش هەیە. ڕێک دوای کۆمەڵکوژییەکەی ٢٣ی کانوونی یەکەم، داواکاری گشتیی پاریس ڕایگەیاند، بکوژەکەی ویلیام مالت سێ تۆمار و پێشینەی هەیە. لە ساڵی ٢٠١٧دا بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی قەدەغەکراو و بێ مۆڵەت بە شەش مانگ زیندانی سزادراوە. لە ساڵی ٢٠١٦دا بە تۆمەتی توندوتیژی بە چەک، لە حوزەیرانی ٢٠٢٢دا بە ١٢ مانگ زیندانی سزا درابوو.

بەهۆی تانەدان لە بڕیارەکە پرۆسەی دادگایکردن بەردەوام بوو، مالت لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا بە شمشێرێک هێرشی کردە سەر کامپێکی کۆچبەران لە پاریس و دوو کۆچبەری سودانیی بریندار کرد. بەهۆی ئەو هێرشەوە ساڵێک زیندانیکرا. لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ دا بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا و قەدەغەی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات، ئازاد کرا.

بە هەمان شێوە، عومەر گونەی  لە ئەڵمانیا پێشینەی هەبوو. لە ساڵی ٢٠٠٥دا لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆدا بە چەکێکی بێ مۆڵەتەوە دەستگیرکرا. لەساڵی ٢٠١١دا سپرایی قەدەغەکراو و کێردی پێوەگیرا. پێشینەی گونەی بۆ ماوەیەکی زۆر شاردرایەوە و ئاشکرا نەکرا، بەڵام لە ئەنجامدا وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە ناچار و لە وەڵامی پرسیارە بەردەوام و پێداگرانەکانی ئۆلا جێلپکی پەرلەمانتاری پێشووی پارتی چەپ، ئەو زانیارییانەی لەبارەی پێشینەی عومەری گونەی بکوژەوە ئاشکرا کرد.

سەرباری پێشینەکانیان؛ لە فەرەنسا گوێ بە مالت نەدرا و لە ئەڵمانیاش گوێ گونەی نەدرا

ویلیام مالت سەرەڕای چەندین هێرش و بریندارکردنی کەسەکان ئازاد کرا و دواتر لەلایەن یەکە ئەمنییەکانی فەرەنساوە چاودێری نەکرا. عومەر گونەییش تا کۆتایی ساڵی ٢٠١١ لە ئەڵمانیا بوو، هەروەها ساڵێک و نیوێک بەر لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس لە ٩ی کانوونی دووەم، سەرباری ئەوەی پێشینەی هەبوو، بەڵام هیچ لێپرسینەوەیەکی لەگەڵ نەکرا. گونەی لەگەڵ گروپێکی فاشیستی تورکدا کاری دەکرد و لە کارگەدا بەشداریی لە چەندین ڕووداوی هێرشی دژ بە کورد دا کردبوو.

هەردوو بکوژەکە وتیان، 'من نەخۆشم'

مالتی بکوژ دوای دەستگیرکردنی بە پۆلیس وت، نەخۆشیی دەروونیی هەیە. مالت نەخۆشییەکەی خۆی بە 'تووڕەبوونی پاتۆلۆژیک' پێناسە کرد و پزیشکەکانی پشکنینیان بۆ کرد و گەیشتنە ئەو ئەنجامە، کە مەرجەکانی دەستگیرکردنەکەی تیادا نییە. لەبەر ئەوەش لە ڕۆژی دووەمدا پۆلیس بردی بۆ کلینیکی دەروونیی ئاسایش، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی داواکاری گشتیەوە مالت جارێکی تر دەستگیرکرایەوە و ڕاپێچی زیندان کرا.

سەرباری ئەوەی ١٠ ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا نەخۆشییەکەی گونەی بکوژ بەباشی ڕوون نەکراوەتەوە. باسی ئەوە دەکرا، گرێیەک لە مێشکی گونەی دا هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا هەرگیز ڕوون نەبوویە، کە ئایا نەخۆشە یان نا. عومەر گونەی نزیکەی مانگێک پێش دانیشتنی دادگا لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم، لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندان دا مرد.

بەرپرسانی فەرەنسا تا ئێستاش هۆکاری مردنی عومەر گونەییان ئاشکرا نەکردووە.

ژ.ت