فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی لەڕێگەی زوومەوە بەشداریکرد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە گرووپی ڕاگەیاندنی نەتەوەیی لە واشینگتۆن و دەربارەی ڕەوشی سوریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ قسەی کرد.
مەزڵوم عەبدی گوتی: "بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بۆ پەکەکە و گەریلاکانی پەکەکەیە. ڕاستەوخۆ بۆ هەرێمەکەی ئێمە نەبوو. ئەو پەیامەی بۆ باشووری کوردستان و ناوچەکانی دیکەی نارد، بۆ ئێمەشی نارد".
عەبدی ڕایگەیاند پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی ئاشتی و پێشهاتێکی ئەرێنییە و گوتی، گەر سەربگرێت دیموکراسی لە تورکیا زیاتر بەرەو پێش دەچێت.
مەزڵوم عەبدی لە درێژەدا گوتی: " گەر لەنێوان پەکەکە و تورکیادا ئاشتی بێتەدی، ئەمە کاریگەری ئەرینی لە هەرێمەکەمان دەکات. گەر پرۆسەکە سەربگرێت کاریگەری ئەرێنی بۆ ئێمە دەبێت و ئەوکات تورکیا هیچ پاساوێکی نامێنێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمەکەمان".