پارتی چەپ داوا دەکات حکومەتی سوید داوای لێبوردن لە کورد بکات
پارتی چەپی سوید داوای لە حکومەتی سوید کرد، کە داوای لێبوردن لە کورد بکات، چونکە کورد لە کۆتایی ساڵانی ١٩٨٠کاندا بە ناهەق و ناڕەوا بە کوشتنی ئۆلاف پاڵمە تاوانبار کرابوو.
پارتی چەپی سوید داوای لە حکومەتی سوید کرد، کە داوای لێبوردن لە کورد بکات، چونکە کورد لە کۆتایی ساڵانی ١٩٨٠کاندا بە ناهەق و ناڕەوا بە کوشتنی ئۆلاف پاڵمە تاوانبار کرابوو.
هۆکان سڤینیلینگ وتەبێژی سیاسەتەکانی دەرەوەی پارتی چەپی سوید و پەرلەمانتاری ئەو حیزبە لە پەرلەمانی سوید، داوای لێبوردن لە کوردی وەک پرۆژە پێشنیازێک کرد بە رۆژەڤی پەرلەمانی سوید.
سڤینیلینگ ئاماژەى بەوەکرد، لێکۆڵینەوە پەیوەندیدارەکان بە کوشتنی ئۆلاف پاڵمە لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا کۆتایی پێهات و لەبەر ئەوەى ئەو کەسەى بە تاوانباری رووداوەکە دەناسرا، گیانی لە دەستدابوو، دۆسیەکە لەلایەن کریستەر پیترسۆن داواکاری گشتیی سویدەوە داخرا.
وتەبێژی پارتی چەپی سوید رایگەیاند، پۆلیس لە لێکۆڵینەوەیدا لەسەر رووداوی کوشتنی پاڵمە رێگایەکی جیاوازی گرتەبەر و وتی، "ماوەیەک زۆر بە چڕی قورساییان خستەسەر پەکەکە، بەڵام دەرکەوت ئەوە بە تەواوی هەڵە بووە و لە راستیدا بکوژەکە لە تاوانەکە رزگاری بووە".
سڤینیلینگ راشیگەیاند، دوای رووداوی کوشتنەکە، چەندین بنەماڵەى کورد بە بەرپرسیاری رووداوەکە نیشاندران و کورد بە بێ هۆ و بەڵگە کرانە ئامانجی هێرشەکان و گوشارێکی زۆر بەرفراوان خرایە سەر کوردان و رێکخراوەکانیان و تەنانەت مافی نیشتەجێبوون و مانەوەی پەنابەرانی کورد زەوتکرا و مافی مانەوەی چەندین کورد هەڵوەشێنرایەوە.
سڤینیلینگ ئەوەشی راگەیاند، کورد لە سوید ماوەیەکی دوور و درێژ زیانیان پێگەیشت و گوشارەکانی سەریان بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ بەردەوامیی هەبوو و وتی، "دوای ئەوەى لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان پێهات، ئیدی کاتی ئەوەیە باجی هەڵەکان بدرێت و داوای لێبوردن لەو کەسانە بکرێت، کە زیانیان پێگەیشتووە" و بۆ ئەوەش داوای لە حکومەتی سوید کرد داوای لێبوردن لە کورد بکات.
لەو چوارچێوەیەدا داوا کرا میکائیل دامبێرگ وەزیری دادی سوید دەست بە هەوڵەکانی بکات بۆ ئەوەى سوید داوای لێبوردن لە کورد بکات، کە بە ناهەق و ناڕەوا تاوانبار کرابوون بە کوشتنی پاڵمە.
ژ.ت