پارێزەران بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان داواکاریان پێشکەش کرد

پارێزەرانی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ ئەوەی چاویان بە موەکیلەکەیان بکەوێت، داواکاریان پێشکەش کرد.

رێزان ساریجا، رازیە ئوزتورک، فایەق ئوزگور ئەڕۆڵ و عومران ئەکمەکچی پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی ئاسرین داواکاریەکەیان پێشکەش کرد.

پارێزەران بۆ ئەوەی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ببینن، داواکاریەکەیان پێشکەشی داواکاری کۆماری بورسا و بەڕێوەبەری زیندانی ئیمڕالی کرد.

هەروەها پارێزەران داوایان کرد، چاویان بە هامیلی یڵدرم، وەیسی ئاکتاش و عومەر خەیری کۆناریش بکەوێت کە لە زیندانی ئیمڕالیدان.

مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو، نوسینگەی یاسایی سەدە وڵامی راگەیەندراوێکی کۆمیتەی رێگرێکردن لە ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی) دایەوە کە وتبووی، لە زیندانی ئیمڕالی چاویان بە ئۆجالان کەوتووە.

لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی یاسایی سەدەدا هاتووە: "بەڕێز ئۆجالان و بەڕێزان عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم کە موەکیلی ئێمەن، لەنێو زیندانی ئاسایشی باڵای ئیمڕالیدا لەدۆخێکی سەخت و گۆشەگیریدان و لەگەڵ ئەوەی چەندین جار داوامان کردووە، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەین، بەڵام داواکاریەکانمان قبوڵ نەکراون."

نوسینگە یاساییەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە راگەیەندراوێکی کۆمیتەی رێگرێکردن لە ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی) کردووە کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بڵاویکردووەتەوە. سی پی تی رایگەیاندبوو کە ئەندامانی شاندێکیان چاویان بە ئۆجالان کەوتووە و لە دۆخی زیندانی ئیمڕالیان کۆڵیەوەتەوە. بەڵام نوسینگەی یاسایی سەدە ئەو راگەیەندراوەی بە درۆ خستەوە و وتی، " سی پی تی راستە سەردانی ئیمڕالی کردووە، بەڵام ئۆجالان ئامادە نەبووە، چاوی بە ئەندامانی شاندەکە بکەوێت و هیچ چاوپێکەوتن و دانوستانێک لەنێوان ئۆجالان و سی پی تیدا ئەنجام نەدراوە."

عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ٢٣ ساڵە لە زیندانی ئیمڕالی لەژێر گۆشەگیریەک کە لە جیهاندا نمونەی نییە بەندکراوە.٣ ساڵە پارێزەرانی ناتوانن مافی یاسایی خۆیان بۆ بینینی موەکیلەکەیان بەکاربهێنێت. دوایین چاوپێکەوتنی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پارێزەرانی لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩ ئەنجامدرا.

ف.ق