پەرلەمانتارانی هەدەپە لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی لە ئێشکگریدان
پەرلەمانتارانی هەدەپە لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی لە چالاکیی ئێشکگریی دادپەروەریدان. پەرلەمانتاران ڕایانگەیاند، تێکۆشانیان لە دژی گۆشەگیری لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبێت.
پەرلەمانتارانی هەدەپە لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی لە چالاکیی ئێشکگریی دادپەروەریدان. پەرلەمانتاران ڕایانگەیاند، تێکۆشانیان لە دژی گۆشەگیری لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبێت.
پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە پێناو ئەوەی رێگە بە پارێزەران و بنەماڵە بدرێت، کە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چاوپێکەوتن ئەنجام بەدەن، کە لە زیندانی جۆری ئێفی ئاسایشیی باڵای ئیمراڵی دایە و زیاتر لە ٢١ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەکی نییە، لە بەردەم وەزارەتی داد لە چالاکیی ئێشکگریندان. پەرلەمانتارانی هەدەپە ئەرداڵ ئایدەمیر، عایشە سوروجو، ئیمام تاشچەر، حوسێن کاچماز، حەسەن ئۆزگونەش، عەبدوڵا کۆچ، مەحمود تۆغروڵ، نەسرەدین ماچین، فاتمە کورتولان، موراد ساریساچ، کەمال بولبول و جەلادەت گایدالی لە بەردەم دەروازەی دیکمەنی پەرلەمان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.
نەسرەدین ماچین پەرلەمانتاری ڕحای هەدەپە ڕایگەیاند، لە ئیمرالی هیچ یاسایەک نییە و وتی: "ماوەی دوو ساڵە ئاکەپە - مەهەپە چەمک و عەقڵیەتی شەڕیان لە ئیمراڵی خستووەتەکار و هیچ زانیارییەک لە بەڕێز ئۆجالان و بەندکراوەکانی دیکە نییە. ماف و ئازادیی مرۆڤ بوونی نییە و بە هیچ دەزانرێت. مافەکان و یاساکان لە ئیمرالی لەکارخراون و کوژراون. ئەم چەمکەی جەنگ، کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا هەیە. گوشارەکان لە زیادبووندایە. ئێستا گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی لە بەردەم پەرلەماندا لەدژی ئێمەش بەڕێوەدەبرێت. لە ئیمرالی گۆشەگیریی لە ناو گۆشەگیریدا پەیڕەو دەکرێت. دوو جار سزا دەسەپێنرێت. هەرچییەک بێت دەبێت زیندانییەکی سیاسی بتوانێت ڕای خۆی بگەیەنێتە گەل. ئێمە ئەو بێ یاساییی و شەڕە، کە لە ئیمرالی دەستی پێکردووە قبوڵ ناکەین. دەیانەوێت گەلی کورد بە هێزی پۆلیس بێدەنگ بکەن. ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین. گەلی کورد نەریتی خەباتێکی سەد ساڵەی هەیە. ئێمە بە گۆشەگیری و زوڵمەوە دەچینە ناو سەدەی دووەمەوە. گۆشەگیری مانای ئەوەیە، کە هیچ ماف و یاسایەک نەماوە. ئێمە لە هەموو شوێنێک، لە پەرلەمان، لە شەقام، لە کارگەکان، لە مەزراکان، لە گەڕەکەکان و هەموو بوار و ئاستەکانی ژیان هاوار دەکەین و لە بەرامبەر گۆشەگیریدا دەوەستینەوە. هیچ هێزێک ناتوانێت ئێمە بێدەنگ بکات".
ماچین داوای لابردنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالانی کرد و وتی: "گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان لاببەن. گۆشەگیری لە ئیمراڵی لاببەن. کۆتایی بە داسەپاندن و سزای میزاجی و ئەشکەنجەدان بهێنن. ئێمە داوای ئازادی بۆ زیندانییە نەخۆشەکانیش دەکەین. با ساڵی ٢٠٢٣ ببێتە ساڵی ئازادیی زیندانیان و ئازادی گەلی کورد و گەلانی چەوساوە".
ژ.ت