'پێویستە پشتیوانییەکان بۆ ئازادیی ئۆجالان بەهێزتر بکرێن'

ئەنجوسکا ویل و جۆچی ویڵ داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ماوەیەکی دوور و درێژە بۆ ئازادیی گەلی کورد بەشداری چەندین پرۆژە و چالاکی و بەرنامە دەکەن رایانگەیاند، گۆشەگیری تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و پێویستە ئۆجالان ئازاد بکرێت.

ئەنجوسکا ویڵ و جۆچی ویڵ داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند، پێویستە پشتیوانیی نێونەتەوەیی بۆ ئازادیی ئۆجالان بەهێزتر بکرێت.

ئەنجوسکا ویڵ  سەرۆکی پارتی کرێکاری سویسرایە و بەشداریی لە هەڵمەتەکانی ئازادی بۆ نیلسۆن ماندێلادا کردووە. بۆ ڤێتنام چالاک بووە و کاری کردووە. لە دوای کودەتای ساڵی ١٩٨٠ ی تورکیا گرنگیی بە کاروباری ئەو پەنابەرانە داوە، کە لە تورکیا و کوردستانەوە دەڕۆیشتنە ئەوروپا و ویڵ دەڵێت، لەو کاتەدا کوردی ناسیوە.

'پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە'

ئەنجوسکا ویڵ ئەو وتەیەی چێ گیڤارا بەبیر هێنایەوە، کە وتبووی، "پشتیوانیکردن سۆز و جوانیی گەلانە" و وتی: "بۆ ئازادیی نیلسۆن ماندێلا لە سەرتاسەری جیهاندا پشتیوانییەکی گەورە و نمونەیی روویدا. ئەمڕۆش بە هەمان پێداگری و بڕیارەوە دەبێت تێکۆشانێک بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەبێت، کە ماوەی ٢٢ ساڵە لە گۆشەگیریدایە. ئەگەر نیلسۆن ماندێلا بۆ خەڵکی ئەفریقا 'ماندیبا' بێت، عەبدوڵا ئۆجالانیش بۆ گەلی کورد 'ئاپۆ'یە. بۆ ئەوەش بۆ ئازادییان پێویستی بە پشتیوانی نێونەتەوەیی هەیە".

بە وتەی ئەنجوسکا ویڵ، ئەگەر ئۆجالان بە پشتیوانیی نێونەتەوەیی ئازاد بکرێت لە تورکیا و کوردستان و بۆ گەلانی ناوچەکە ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدی دێت.

'ئازادیی گەلی کوردیان دەخواست'

جۆچی ویڵ لە چەندین چالاکیی مافەکانی مرۆڤدا کاری کردووە. ئەندامی زانکۆی سانت گالن و ئەندامی پردی خوشک - برایەتیی زوریخ – ئامەدە. جۆچی ویڵ خۆی لەسەر یاسای تاوان و سزاکان لە زانکۆی سانت گالن قوڵ کردووەتەوە. هەروەها بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەى لەسەر گۆشەگیری و دابڕاندن کردووە و رایگەیاند، چەندین ساڵە زانیاری لەسەر تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد کۆ دەکاتەوە. جۆچی ویڵ ئاماژەی بەوە کرد، ئۆجالان لە هەلومەرجی سەختی گۆشەگیری و زیندانی تاکەکەسیدا پارادیگمای خۆی ناردە دەرەوە و نزیکەی ١٠ کتێبی لەو بارودۆخەدا نووسیوە و ئەوەش کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر من و وتی: "لە چالاکییەکدا لە شاری زوریخ من شایەتیی ئەوەم دا، کە داواکردنی ئازادی بۆ ئۆجالان بە واتای داواکردنی ئازادییە بۆ گەلی کورد".

'یەکڕیزیی گەلی کورد گرنگە'

جۆچی ویڵ داوای لە هەموو سویسرییەکان و هەموو لایەنە دیموکراتیکە نێونەتەوەییەکان کرد، کە پشتیوانی لە گەلی کورد بکەن. جۆچی ویل ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دەستبەجێ یەکڕیزی و یەکێتیی کورد پێکبهێنرێت. ویڵ راشیگەیاند، چارەسەری لە یەکێتی و یەکپارچەیی گەلی کورددایە و لە بەردەوامیدا وتی: "پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان، کە لەلایەن گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەوە بە سەرکردەیەکی گەورە دەزانرێت، ئازاد بکرێت. هەروەها ئێمەش وەک دۆستێکی گەلی کورد داوای ئازادی بۆ ئۆجالان دەکەین".

ژ.ت